نزیکەی 80 ساڵە چەمچەماڵ داوای چارەسەرکردنی کێشەی ئاو دەکات


رووداو دیجیتاڵ

لە بەشێکی گەڕەکانی چەمچەماڵ کێشەی کەمیی ئاو دروستبووە. ژنێک دەڵێت، نیوەی تەمەنیان لە کەمئاوی بەسەربردووە کە دەبێت بەسەتڵ و دەبە ئاو ببەنەوە بۆ ماڵەکانیان. ئەوە لەکاتێکدایە، لە ساڵی 1945ـەوە نووسراو بۆ چارەسەری کێشەی کەمئاوی لە شارەکە کراوە و هێشتا بەردەوامە.
 
گەرمای تاقەت پڕوکێنی ئەم هاوینە بەشێک لە دانیشتووانی چەمچەماڵ ناچار بە هێنانی ئاو دەکات لە چەند کیلۆمەتریک دوورتر لە ماڵەکانیان. جوانە سەعید، ژنی ماڵەوە بە رووداوی گوت، "بەخوا تانکەرێک ئاو بە 25 هەزار دینارە، گرانە ناچار دەچین نیو تەنکەر دەکڕین."
 
زۆرینەی گەڕەکەکانی چەمچەماڵ کێشەی کەمیی ئاویان هەیە. پەیامنێری رووداو دەچێتە ماڵێکی گەڕەکی قادر کەرەمییەکان، گفتوگۆی گەرمیان لەبەر بەتینیی هەتاو، هێنانی و دەستکەوتنی ئاوە.
 
جەزا جەلال، کرێکارە و باس لەوە دەکات، "رۆژی بە 10 هەزار کرێکاری دەکەم، ناچار دەبێ بچم بیدەم بە ئاو، وام لێهاتووە لە داخا خانووەکەم بتەقێنمەوە و سەری خۆم هەڵگرم. هەفتەیەک خۆمان نەشۆردووە، سەیری منداڵەکان کە هەموومان گەڕ بووین."
 
رووناک نامیق، کابانی ماڵ دەڵێت، "بەخوا ناچارین بچین بە سەتڵ ئاو بهێنین لە ماڵان بەس بۆ ئەوەی ئاو نەکڕم، چونکە کرێچیم. بەخوا بە مەنجەڵ ئاوم بردووەتەوە و تانکییەکانی سەربانم پڕکردووە، ئەی نابێت حکومەت ئاوڕ لەم رەش و رووتە بداتەوە."
 
گرفتەکانی کەمئاوی لە چەمچەماڵ نوێ نین، ساڵی 1945 ئەوکاتیش کە شاکر فەتاح قایمقامی شارەکە بووە، نووسراوی بۆ چارەسەری کەمئاوی کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کێشەکە هەر بەردەوامی هەیە.
 
گەرمیان سەعید، کرێکار دەڵێت، "بەم تانکە لە بیرەکان پڕی دەکەین لە ئاو و دەیهێنینەوە بۆ ماڵ، 15 رۆژ جارێک ئاو دێت و بەش دوو رۆژ ناکات، وامان لێهاتووە حەز ناکەین میوانمان بێت، داواکارین حکومەت کێشەکەمان چارەبکات ، خنکاین لە تینوا."
 
سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی چەمچەماڵ بیرە ئاوییەکان و ئاوی دەریاچەی دووکانە کە بەشێک لە ئاوی ئەو هێڵە بە نایاسایی دەبڕێت و بەشی پێویست ناکات، ساڵانە لەبەر نەبوونی نەختینە، نەتواندراوە پڕۆژەی ئاوی گۆپتە بە چەمچەماڵ تەواو بکرێت، ساڵانە بیری نوێ بۆ چارەی کاتی کێشەکە دروستدەکرێت.