رووداو دیجیتاڵ
دوو منداڵی دووانە لە تەقتەق کە 15 رۆژە لەدایکبوون، بەدەم ئازاری برینی جەستەیانەوە دەناڵێنن. فریشتە و بەهەشت نەخۆشییەکی دەگمەنیان هەیە، پێستیان ناسکە و زوو زوو دەبێتە توێقلە و دواتر کە دەتەقێت، دەبێتە برین و شوێنەکەی وەکو سووتاوی جێدەمێنێت.
سەبریە رەسوول، نەنکی منداڵەکانە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە گریان و ناڵەی بەردەوامیان هەست بەوە دەکەین کە ئازارەکەیان زۆرە." گوتیشی، "ئەو منداڵانە نینۆکیان دێتە دەرێ و دواتر دەبێتە توقڵە و دەتەقێت، ئینجا جێ جێ دەیگوازێتەوە و هەموو جەستەیان دەگرێتەوە تەنانەت نێو دەمیشیان."
ئەو خێزانە پێشتر منداڵێکی دیکەشیان هەمان نەخۆشیی پێستی هەبووە، بەڵام کە تەمەنی گەیشتووەتە ساڵێک و پێنج مانگ، گیانی لەدەستداوە. باوکی منداڵەکان دەڵێت، بۆچارەسەری تەندروستیی منداڵەکانی، چەندین دکتۆریان کردووە، بەڵام پێیان گوترا درەنگ کەوتوون.
رێکەوت سەمەد، باوکی منداڵەکان دەڵێت، "پێشتر منداڵێکی دیکەم وابوو، بەڵام دواتر گیانی لەدەستدا، دکتۆری لێبوو لە نەخۆشخانە دەیگوت لە ئەڵمانیا چارەسەری هەیە، سەرەتا بەس سەری نینۆکیان لێدەبێتەوە، دواتر گیانی ئەو توێقلەیە دەیگرێتەوە، بۆ دەرەوەی وڵاتیش لە توانای ئێمەدا نییە."
دکتۆر عەلی زێدان کە پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێستە، دەڵێت، لە دونیادا ئەم نەخۆشییە دەگمەنە، بەڵام لە عێراق زۆرە و چارەسەریشی لە وڵاتانی ئەوروپا هەیە.
دکتۆر عەلی زێدان گوتی، "نەخۆشییەکی بۆماوەیی و زۆر دەگمەنە، مانای شلبوونەوەی پێستی سەرەوەی گەورە چییە، ئەگەر ئەوها لەپێستی منداڵەکە بکەی لەگەڵ دەستت دەڕوات یان ئەگەر خواردن بخوات پێستی نێو دەمی لێدەبێتەوە و دەچێتە نێو لەشییەوە، ئەو منداڵە زەحمەتیی زۆری هەیە، چارەسەری لە دەرەوەی وڵات لەسەرەتاکاندایە، بەڵام رەنگە سوودی لێببینن."
منداڵەکان لە گوندی مەلا زیادی سەر بە ناحیەی تەقتەقن. دانا و کاروان دوو گەنجی خۆبەخشن لە سنوورەکە و هەڵمەتێکیان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری راگەیاندووە، بۆئەوەی بتوانن لە رێگەیەوە هاوکاریی کۆبکەنەوە و منداڵەکان بنێرنە دەرەوەی وڵات بۆچارەسەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ