شێروان شێروانی بە چوار ساڵی دیکە زیندانیکردن سزادرا

رووداو دیجیتاڵ

پارێزەری شێروان شێروانی رایگەیاند، ئەمڕۆ دادگەی هەولێر شێروان شێروانیی بە چوار ساڵی دیکەی زیندانیکردن سزادا.

رۆژی پێنجشەممە 20-07-2023 رەمەزان ئەرتیسی، پارێزەری شێروان شێڕوانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، "شێروان شێروانی بە مادەی 298 و 295 لە یاسای سزادانی عێراق، بە چوار ساڵ بەندکردن سزا دا، بە مادەیەکیان دوو ساڵی و شەش مانگ و بە مادەیەکی دیکەیان ساڵێک و شەش مانگ."

لەبارەی هۆکاری سزادانی شێروان شێروانی، رەمەزان ئەرتیسی گوتی، "ساڵی 2022 داوای ئازادکردنی مەرجدارمان بۆ ئەیاد کەرەم، شڤان سەعید، گۆهدار زێباری و هاریوان عیسا کرد، بەڵام نەکرا و دواتر گوتمان مادام ناکرێت با بڕیارەکە هەڵبوەشێنینەوە، بۆ واژۆی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە هەموو گیراوان بەدەستی خۆیان واژۆیان کرد، تەنیا گۆهدار زێباری نەبێت کە ئەو کات لە زیندانیی تاکە کەسی بوو، داوای کردبوو شێروان شێروانی لەبری ئەو واژۆ بکات و ئەویش واژۆی بۆ کردبوو، ئەمڕۆ دادگە لەسەر ئەو بابەتە بە چوار ساڵی دیکە سزای شێروانی داوە."

پارێزەری شێروان شێروانی دەڵێت، "ئەمڕۆ هەر چوار گیراوان هێندرانە پێش دادوەر و هەموویان پێیان گوت کە خۆیان دەسەڵاتیان بە شێروان شێروانی داوە واژۆ بکات و هیچ کێشەیەک لەسەر ئەو واژۆیە بۆ ئێمە دروست نەبووە و سکاڵایەکیان لەسەر ئەو نییە، بەڵام دادوەر هیچی نەگوت و سزای دا."

شێروان شێروانی بە مادەی 298 و 295 سزادراوە، رەمەزان ئەرتیسی دەڵێت، "ئەو دوو مادەیە دەڵێت، هەر کەسێک دەستکاریی بەڵگەیەکی فەرمی بکات، ئەوە بە زیندانیکردن سزا دەدرێت کە لە پێنج ساڵ بۆ 15 ساڵە. ئەوەی ئەمڕۆ لە دادگە کرا یاسایی نەبوو و بڕیارەکە تەمیز دەکەینەوە."

دادگەی تاوانی هەولێر رۆژی 16-02-2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" هەریەکە لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە یەکی شەش ساڵ زیندانیکردن سزادا. مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ی سزاکەیان، جگە لە شێروان شێروانی کە 50% بوو، کەمکرایەوە.

بەگوێرەی ئەو بڕیارەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بڕیاربوو مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ شێروان شێروانی ئازاد بکرێت.