کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لە پیرمام دەستیپێکرد


رووداو دیجیتاڵ 

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی گەیشتە پیرمام و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی دەستیپێکرد. لە کۆبوونەوەکەدا باسی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار دەکەن. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، جگە لە پرسی سەرۆککۆمار، سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و پێگەی کورد لە بەغدا دەکەن.
 
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لە پیرمام ئاماژەی بەوە کرد، وا چاوەڕوان دەکرێت ئەم کۆبوونەوەیە یەکلاکەرەوە بێت بۆ دیاریکردنی بەربژێری کورد بۆ پۆستی سەرۆککۆمار. 

بەربژێری سەرۆککۆمار کە لەپرۆسەی سیاسی عێراقدا بەر کورد دەکەوێت؛ لەلایەک نێو ماڵی کوردی پەرتکرد و لەلایەکی دیکەش بووە بەربەستێک لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق. پەیامنێری رووداو باسی لەوە کرد، "پارتی نایەوێت سیناریۆی 2018 دووبارە ببێتەوە" و، دەیەوێت کورد بە یەک بەربژێرەوە بچێتە بەغدا. 

ئەگەر پارتی و یەکێتی نەگەنە رێککەوتن لەبارەی دیاریکردنی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، کە یەکێتی د. بەرهەم ساڵح و پارتی رێبەر ئەحمەدی بەربژێرکردووە، یەکێک لە سیناریۆکان دیاریکردنی بەربژێری کوردە لەنێو فراکسیۆنە کوردییەکان لە پەرلەمانی عێراق.

پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد، "یەکێتی خۆی بە دووردەگرێت لەو سیناریۆیە، چونکە پارتی خاوەنی 31 کورسییە." 

چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سوننەکان ململانێکەیان خستوەتە نێو گۆڕەپانی کورد و بەتایبەتیش یەکێتیی و پارتی، بەوەی کە لەدوایین راگەیێندراویدا داوای لەلایەنە کوردستانییەکان کرد گفتوگۆکانیان چڕبکەنەوە و رێکبکەون لەبارەی سەرۆککۆمار یان میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان کە داوای لە پەرلەمانی عێراق کردووە ئەم هەفتەیە لەسەر پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆببنەوە و ئەو پرسە یەکلابکەنەوە.

نزیکەی 10 مانگە، هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە عێراق بەڕێوەچووە و پرۆسەی سیاسیش لەدوای پێکهێنانی پەرلەمانی عێراق پەکی کەوت، تاوەکو ئێستاش دیار نییە کەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق دەگەنە رێککەوتن. 

ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێ رۆژی دووشەممە د. فوئاد حوسێن، سەرۆکی لیژنەی دانوستاندنکاری پارتی لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆبووەوە و لەوێ بڕیاردرا کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و سەرۆکی یەکێتی ئەنجام بدرێت.