حکومەتی هەرێمی کوردستان: بە تووندی تۆپبارانی تورکیا بۆ سنووری زاخۆ شەرمەزار دەکەین

20-07-2022
ئاکار بەختیار @Akarbakhtyar
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی هەرێمی کوردستان "بە تووندی تۆپبارانی تورکیا بۆ سنووری زاخۆ شەرمەزار" دەکات و داوا دەکات ھەرێمی کوردستان لە کێشە و ململانێ ناوچەییەکان دووربخرێتەوە. 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوەش کرد: هەرێمی کوردستان چەندین جار لە نێوخۆ و دەرەوەی عێراق، کراوەتە ئامانج، زیانی گیانی و ماددی بەر هاووڵاتییانمان کەوتووە. پێویستە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، بە شێوەیەکی کاراتر، ھەوڵی رێگریکردن لە دووبارەبوونەوە و کۆتاییهێنان بەم دەستدرێژیانە بدەن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 20-7-2022، موشیر بەشیر، قایمقامی زاخۆ بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دووجار تورکیا تۆپبارانی گوندی پەرەخی کردووە کە کەوتووەتە شوێنە گەشتیارییەکان." دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی قوربانیانی تۆپبارانەکەی سنووری زاخۆ بە رووداوی گوت، هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و 26 کەسیش برینداربوون. 
 
بە گوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "پێکدادانی هێزەکانی تورکیا و چەکدارانی پەکەکەش لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێم [ی کوردستان]، بووەتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسیی بەردەوام بۆسەر هاووڵاتییانمان. جارێکی دیکەش داوا دەکەین، ھەرێمی کوردستان، لە کێشە و ململانێ ناوچەییەکان دووربخرێتەوە، بۆ ئەوەی چی دیکە ھاووڵاتییانی بێ تاوان، نەبنە قوربانی." 
 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، شاندێکی باڵای ئەمنی بە سەرۆکایەتیی وەزیری دەرەوەی عێراق دەنێرێتە شوێنی تۆپبارانەکەی سنووری زاخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە. لیوا روکن حەماد فازڵ دزەیی، فەرماندەى پاسەوانى سنوور لە ناوچەى یەک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو شاندەى بڕیارە سەردانی ناوچە تۆپبارانکراوەکە بکات، وەک لیژنەیەکی لێکۆلێنەوە لەو رووداوە پێکهێندراوە، جگە لە بەرپرسانى سەربازى، بڕیارە پەرلەمانتاریشیان لەگەڵ بێت."
 
دەقی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان: 
 
تۆپبارانکردنی ھاوینەھەواری پەرەخێ لە سنووری دەرکار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەلایەن ھێزەکانی تورکیاوە، بە تووندی شەرمەزار دەکەین کە بە داخەوە بووە ھۆی شەھید و برینداربوونی ژمارەیەک ھاووڵاتیی گەشتیار. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەھیدەكان دەكەین و ھیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین. 
 
لە ماوەی رابردوودا، هەرێمی کوردستان چەندین جار لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، کراوەتە ئامانج و زیانی گیانی و ماددی بەر هاووڵاتییانمان کەوتووە. پێویستە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، بە شێوەیەکی کاراتر، ھەوڵی رێگریکردن لە دووبارە بوونەوە و کۆتاییهێنان بەم دەستدرێژیانە بدەن.
 
پێکدادانی هێزەکانی تورکیا و چەکدارانی پەکەکەش لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێم، بووەتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسیی بەردەوام بۆ سەر هاووڵاتییانمان، بۆیە جارێکی دیکەش داوا دەکەین، ھەرێمی کوردستان، لە کێشە و ململانێ ناوچەییەکان دوور بخرێتەوە، بۆ ئەوەی چیتر ھاووڵاتییانی بێ تاوان، نەبنە قوربانی. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی سرووشتی سەردەشت.

پاراستنی ژینگەی سەردەشت: هەوای سەردەشت پیس نییە

پاراستنی ژینگەی سەردەشت رەتیدەکاتەوە هەوای ئەو شارە رۆژی هەینی لە ئاستی ئێراندا پیسترین بووبێت و دەڵێت، ئەو هەواڵەی لەبارەی مەترسیداربوونی هەوای سەردەشت بڵاوبووەتەوە، راست نییە.