رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لەبارەی قوربانیانی تۆپبارانەکەی سنووری زاخۆ رایدەگەیێنێت، هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و 26 کەسیش برینداربوون.
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە ئاماریی قوربانیانی تۆپبارانەکەی سنووری زاخۆ کرد و گوتی، "هەشت گەشتیار گیانیان لەدەستداوە پێش گەیشتن بە نەخۆشخانە کە هەموویان گەنج و منداڵن.. یەکێکیان منداڵی یەک ساڵانە، هەروەها چوار کچ و چوار کوڕن."
دکتۆر سامان بەرزنجی برینداربوونی 26 کەسی راگەیاند و دەڵێت، "سێ لەوان رەوانەی شاری دهۆک کراون بەهۆی سەختی برینەکانیان لە مێشک و سەر.. شەش بریندار پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە و بۆیان ئەنجام دەدرێت."
ئەمڕۆ چوارشەممە 20-7-2022، موشیر بەشیر، قایمقامی زاخۆ بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دووجار تورکیا تۆپبارانی گوندی پەرەخی کردووە کە کەوتووەتە شوێنە گەشتیارییەکان."
لەبارەی ئەو رێکارانەی وەزارەتی تەندروستیی گرتوونیەتییەبەر، دکتۆر سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوە کرد: "هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک و هەولێرمان راسپاردووە بۆ پاڵپشتیکردنی تەواوی چارەسەرکردنی برینداران و ئامادەیی بۆ هەر پێداویستیەکی پزیشکی و ئەمبوڵانس و پزیشکانی پسپۆڕ."
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، شاندێکی باڵای ئەمنی بە سەرۆکایەتیی وەزیری دەرەوەی عێراق دەنێرێتە شوێنی تۆپبارانەکەی سنووری زاخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە. لیوا روکن حەماد فازڵ دزەیی، فەرماندەى پاسەوانى سنوور لە ناوچەى یەک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو شاندەى بڕیارە سەردانی ناوچە تۆپبارانکراوەکە بکات، وەک لیژنەیەکی لێکۆلێنەوە لەو رووداوە پێکهێندراوە، جگە لە بەرپرسانى سەربازى، بڕیارە پەرلەمانتاریشیان لەگەڵ بێت."
ئەوە سێیەم جارە لەم مانگە گوندی پەرەخی سەر بە قەزای زاخۆ لە لایەن تورکیاوە تۆپباران دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ