باوکی شڤان پەروەر کۆچی دواییکرد

رووداو - هەولێر

باوکی هونەرمەند شڤان پەروەر لە تەمەنی 105 ساڵیدا لە باکووری کوردستان کۆچی دواییکرد.

هونەرمەند نەجمەدین بابەکر، هاوڕێی نزیکی شڤان پەروەر بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 19-7-2018 یونس ئایگون، باوکی شڤان پەروەر لە تەمەنی 105 ساڵیدا لە شاری وێرانشاری باکووری کوردستان کۆچی دواییکردووە، هەر لەوێ بەخاکسپێردراوە.

نەجمەدین بابەکر گوتیشی "بەهۆی قەدەخەبوونی شڤان پەروەرەوە لە تورکیا، نەیتوانیوە بگەڕێتەوە بۆ پرسەکەی و لە شاری کۆڵن لە ئەڵمانیا پرسەی بۆ داناوە".


شڤان پەروەر باسی کۆچی دوایی باوکی دەکات

شڤان پەروەر لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لە یوتیوب باسی کۆچی دوایی باوکی دەکات و دەڵێت، باوکی دوای نزیکەی 100 ساڵ تەمەن گەڕایەوە لای خودای گەورە.

شڤان پەروەر دەشڵێت، وەک چۆن لە سەرەمەرگدا نەیتوانی لەگەڵ دایکی بێت، ئێستاش نەیتوانیوە لەکاتی مەرگیدا لەگەڵ باوکی بێت، کە وەک خۆی دەڵێت :لە تەمەنیدا خۆیدا زەحمەتی زۆری بینیووە".

هونەرمەند شڤان پەروەر ئاماژە بەوەشدەکات، باوکی تەندروست ژیاوە و تەمەنیشی درێژ بووە، بەڵام پیریی هەر رۆژێک کۆتایی بە ژیانی مرۆڤ دەهێنێت.