فیدراسیۆنی سەرتاسەریی پەنابەرانی عێراقی: ئیتاڵیا لە نقوومبوونی بەلەمەکەی کۆچبەران بەرپرسە

20-06-2024
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
ئەو بەلەمەی کۆچبەرانی کوردی لە تورکیا بۆ  ئیتاڵیا گواستەوە
ئەو بەلەمەی کۆچبەرانی کوردی لە تورکیا بۆ ئیتاڵیا گواستەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

فیدراسیۆنی سەرتاسەریی پەنابەرانی عێراقی، ئیتاڵیا بە بەرپرسیار دەزانێت لە نقوومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران، کە بەهۆیەوە 64 کۆچبەر گیانیانلەدەستداوە. ئەندامێکی فیدراسیۆنەکە دەڵێت: "ئیتاڵیا ئەو کەسانەش سزادەدات کە بەهانای کۆچبەرانەوە دەچن."
 
عیرفان کەریم، ئەندامی سکرتارییەتی فیدراسیۆنی سەرتاسەریی پەنابەرانی عێراقی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژ، بە رووداوی راگەیاند: "لەو بەلەمەی کۆچبەران کە لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا ژێرئاو کەوتووە، 10 کەس رزگاریان بووە، یەکێکیان تورکمانە، یەکێکیان خەڵکی سووریایە و ئەوانی دیکە خەڵکی رۆژهەڵات و باشووری کوردستانن". 
 
لەبارەی دەرهێنانەوەی تەرمەکانیش، ئەندامەکەی فیدراسیۆنی سەرتاسەریی پەنابەرانی عێراقی گوتی: "پۆلیسی ئیتاڵیا حەوت تەرمی دۆزیوەتەوە، بەڵام چەند تەرمێک ناناسێندرێنەوە، بەهۆی ئەوەی رووخساریان شێواوە و دەبێت کەسوکاریان سەردانی ئیتاڵیا بکەن بۆ پشکنینی دی ئێن ئەی". 
 
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان JCC  کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات 21 کەس لەوانەی لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە بێسەروشوێن بوون، کەسوکاریان پەیوەندییان پێوەکردوون، تاوەکو ئێستا 21 هاونیشتیمانی وەکو بێسەروشوێن تۆمارکراون، 9 کەسیان دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن، 11یان لە سنووری پارێزگای هەولێرن، کەسێکیشیان دانیشتووی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە.
 
عیرفان کەریم دەڵێت، نزیکەی 19 بۆ 20 کەس لەوانەی لەنێو بەلەمەکەدا خنکاون، خەڵکی هەرێمی کوردستانن. 
 
لەبارەی هەوڵەکانی فیدراسیۆنی سەرتاسەریی پەنابەرانی عێراق بۆ دۆزینەوەی تەرمەکانیش، عیرفان کەریم گوتی، "ئێمە لە رێگەی رێکخراوی پزیشکانی بیێسنوور لە پەیوەندیداین بۆ دۆزینەوە و سۆراخی ئەو کەسانە و تەرمەکانیان".
 
عیرفان کەریم، حکومەتی ئیتاڵیا بە بەرپرس دەزانێت لە نقوومبوونی بەلەمەکە و دەڵێت: "ئیتاڵیا بۆ داپۆشینی رووداوەکە و خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریێتی، رێگە بە هەموو رێکخراوێک نادات بچێتە ناوچەکە و دەستی بە زانیارییەکان بگات. کەسانێک خۆبەخشانە لە دەریاکان بە هانای پەنابەرانەوە دەچن، بەڵام ئیتاڵیا رێگرییان لێدەکات و سزایان دەدات". 
 
لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممە 17 و 18ـی حوزەیران، دوو بەلەم لە کەناراوەکانی باشووری ئیتاڵیا نقومبوون، یەکێک لەو بەلەمانە لە بۆدروومی تورکیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتبوو، 76 کەسی هەڵگرتبوو و نقومبوو، 64 کەس لە سەرنشینانی گیانلەدەستداوە کە زۆرینەیان کوردن و 13 کەسیان دانیشتووی ئیدارەی راپەڕینن.
 
لەبارەی رووداوەکە خاچی سووری ئیتاڵی بە رووداوی گوت، هۆکاری نقوومبوونی یەکێک لە بەلەمەکان کە بەرەو دوورگەی رۆچێلا رۆیشتووە، گڕگرتنی بزووێنەرەکەی بووە، کە دواتر تەقیوەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".