تورکیا دوو ناوچەی لە سنووری هەرێمی کوردستان بۆردوومان کرد

 
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای تورکیا دوو ناوچەی لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی بۆردوومان کرد. 
 
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سێ رۆژی رابردوودا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی ژمارەیەک شوێن و گوندیان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک کردووە."
 
کامەران عوسمان گوتی: "لە  کاژێر 9:45ـی بەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ جاری چوارەم لە دوو رۆژی رابردوو شوێنێکیان لە نزیک گوندی ئێندزەی بناری قەندیل بۆردوومان کرد". 
 
بە گوتەی کامەران عوسمان، بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە هەنگەوانانی ناوچەکە ناوێرن بچن سەردانی پوورەی هەنگەکانیان بکەن.
 
هەر ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چیای شێخ ناسریان لە سنووری ناحیەی قەسری لە قەزای چۆمان لە پارێزگای هەولێر بۆردوومانکردووە.
 
کامەران عوسمان گوتی: "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو کۆتایی حوزەیرانی 2024، سوپای تورکیا 833 هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان هەبووە، لە ئەنجامدا هەشت هاونیشتمانی شەهید بوون."
 
بە گوێرەی کامەران عوسمان، نەخشەی هێرشەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکان دابەش بووە:
 
- پارێزگای دهۆک؛ 365 هێرش و بۆردوومان
- پارێزگای هەولێر؛ 356 هێرش و بۆردوومان
- پارێزگای سلێمانی؛ 102 هێرش و بۆردوومان
- شنگال لە پارێزگای نەینەوا؛ 10 هێرش و بۆردوومان
 
بەپێی رێکخراو (CPT)ی ئەمریکی، لە ساڵی 2023دا هێزەکانی تورکیا 1548 جار هێرش و بۆردوومانی خاکی هەرێمی کوردستان و نەینەوایان کردووە؛ 1159 هێرشیان لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی، 228 هێرشیان لە رێگەی درۆن و 114 هێرشیان لە رێگەی تۆپباران بووە.