لە کرماشان دوو کەس لە کاتی گەڕان بەدوای شوێنەواردا خنکان

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری گێیەلانی سەر بە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو کەس کە بەدوای شوێنەواردا دەگەڕان، لە کاتی هەڵکەندنی زەوی و بەهۆی نەمانی ئۆکسجین خنکان.
 
ئەڵڵاهیار مورادیان، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی گێیەلان رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە، 19ی حوزەیران، زانیاریان پێگەیشت لە گوندێکی سەر بەو شارە، سێ کەس کە بە شێوەیەکی نایاسایی بەمەبەستی گەڕان بەدوای شوێنەواردا خەریکی هەڵکەندنی زەوی بوون، لە قووڵایی هەشت مەتردا گیریان خواردووە.
 
ئەڵڵاهیار مورادیان گوتی، دوای گەیشتنی هێزەکانیان، بۆیان دەرکەوتووە دوو کەسیان بەهۆی نەمانی ئۆکجسین لە قووڵایی هەشت مەتردا خنکاون و گیانیان لەدەستداوە، بەڵام کەسی سێیەم توانیویەتی خۆی رزگار بکات.
 
تەرمی ئەو دوو کەسە لە لایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بە هاوکاری هێزەکانی پۆلیس لەو شوێنە دەرهێنراون و رەوانەی دادپزیشکیی شاری گێیەلان کراون.
 
جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی گێیەلان دەڵێت، پەراوی لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەیان دەستیپێکردووە. 
 
لە شاری گێیەلانی کرماشان زیاتر لە 400 شوێنەواری مێژوویی هەن کە بەشێکیان لە تۆماری نەتەوەیی ئێراندا تۆمارکراون.