رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی کەرکووک ئامادەیە 10 رۆژی دیکە دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک وەربگرێتەوە؛ بەڵام گوتەبێژەکەی دەڵێت، پێدەچێت رادەستکردنەوەکە دوابکەوێ.
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، رۆژی پێنجشەممە 20-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ وەرگرتنەوەی دۆسیەی ئەمنی کەرکووک. بە فەرمی سەرووی خۆیان ئاگادارکردووەتەوە، کە ئامادەن 01-07-2024 دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک وەربگرنەوە."
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، گوتی: "چاوەڕێی بڕیاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکەین، بەڵام بەهۆی دۆخی سیاسیی کەرکووک رێکنەکەوتنی لایەنەکان لەبارەی پۆستەکانی کەرکووک، پێدەچێت رادەستکردنەوەی دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک دوابکەوێ".
رۆژی چوارشەممە، 15-05-2024، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لە 2023دا دۆسیەی ئەمنیی شەش پارێزگامان وەرگرت. لیژنەیەک پێکهێنرا و ئەنجامی نایابی پێشکێشکردووە. دەبێت لەم ساڵدا بگاتە 11 پارێزگا".
لە ساڵی 2003ـوە تاوەکو ساڵی 2017، دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک بەدەستی پۆلیسەوە بوو، بەڵام دوای هێرشەکانی حەشد و سوپا بۆ سەر شارەکە لە 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، دۆسیەکە رادەستی سوپا کرایەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتی: "وەرگرتنەوەی دۆسیەی ئەمنیی چوار پارێزگا دەکەوێتە ساڵی داهاتوو (2025)، کە بریتین لە بەغدا، بەسرە، کەرکووک و مەیسان. لە پارێزگاکانی دیکە بەرپرسیارێتیی ئەمنیی ناوەندی شارەکانیان رادەستی وەزارەتی ناوخۆ دەکرێتەوە لەگەڵ مانەوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان لەم ساڵدا".
لە هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە حکومەتی عێراق بەناوی پرۆسەی سەپاندنی یاسا چووە کەرکووک و لەو کاتەوە لەو پارێزگایە دۆسیەی ئەمنییان لە ئەستۆدایە و چەند جارێک پێکهاتەکان و لایەنە کوردستانییەکان نیگەرانییان لەو بارەیەوە پێشانداوە، چەند جارێکیش گرژی لەنێوان سوپا و هاونیشتمانییانی کورد روویداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ