هاتووچۆی هەولێر: لە رۆژانی جەژندا تەنیا سێ رووداوی هاتووچۆ روویانداوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند: لە چوار رۆژی جەژنی قوربان تەنیا سێ رووداوی هاتوچۆ تۆمارکراون و هیچ کەسێک گیانی لەدەستنەداوە.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکانی هاتووچۆ لە رۆژانی جەژنی قوربانی ئەمساڵ، واتە لە رۆژانی 16 بۆ 19ـی مانگ بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار بە ئۆتۆمبێلی تایبەتیی خۆیان لە شارەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە سەردانی شاری هەولێریان کردبوو، بەڵام لەهەرچوار رۆژی جەژنی قوربان، تەنیا سێ رووداوی هاتووچۆ لای ئێمە تۆمارکراوە، هێلکارییان بۆ کراوە، خۆشبەختانە هیچ کەسێک بریندار نەبووە و کەسیش گیانی لەدەست نەداوە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچوۆی هەولێر باسی لەوەکردووە، ئامارەکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە رێژەی رووداوی هاتووچۆ لە شاری هەولێر تا "ئاستێکی باش" روو لە کەمبوونەوەیە.
 
ئەوە لە کاتێکدایە لە سێیەم رۆژی جەژنی قوربانی لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لە چەمچەماڵ دوو کەس گیانیان لەدەستدا.