سەفین دزەیی: لە بەغدا هەوڵێکی زۆر بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەوروپایە، ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لۆکسەمبۆرگ کۆبوونەوە و بە گوتەی سەرۆکی شاندەکە، باسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا و کێشەکانی هەولێر و بەغدا و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لۆکسەمبۆرگ پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و لە رۆژانی شەڕی داعشیشدا وەزیری دەرەوەیان هاتە هەرێمی کوردستان و پاڵپشتی و کۆمەکی بۆ ئاوارەکان و کوردانی ئێزدی دابین کرد.
سەفین دزەیی گوتیشی: ئامانجی سەردانی ئەم شاندەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لۆکسەمبۆرگ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانە، چونکە هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکدایە کە لە گۆڕانکاریی بەردەوامدایە و لەگەڵ هەر دۆخێکیشدا پێویستە پەیوەندییەکان بگونجێندرێن.
"هەوڵی لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان دەدرێت"
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دان بەوەدا دەنێت کە هەندێک لایەن لە عێراق هەوڵی لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان دەدەن و دەڵێت: راستە لێکتێگەیشتن لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە و بەشێک لە کێشەکان چارەسەرکراون، بەڵام هێشتا کێشە لەنێوانیاندا ماوە و هەندێک لایەن هەن لە بەغدا سیستمی فیدراڵی قبووڵ ناکەن، هەربۆیە ئاڵنگاریی زۆر رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و هەوڵێکی بەردەوام هەیە بۆ لاوازکردنی پێگەی سیاسیی و ئابووریی و دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان.
"دیموکراسی و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان"
سەرۆکی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لۆکسەمبۆرگ باسی مژارێکی دیکەی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەکات کە پرسی دیموکراسی و هەڵبژاردن و بنەماکانی ئازادییە و دەڵێت: هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆری بە ئازادیی تاک و رادەڕبڕین داوە، بەڵام هێشتا کەموکوڕی هەیە، بۆیە لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەهێزکردنی دیموکراسیی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن.
بە گوتەی دزەیی، یەکێک لە گرنگترین ئەو مژارانەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لۆکسەمبۆرگ و بەرپرسانی ئەو وڵاتە گەنگەشەیان کردووە و لە رۆژانی داهاتووشدا لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی دیکەی ئەوروپا گەنگەشەی دەکەن پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە و گوتی: داوامان کرد یەکێتیی ئەوروپا پاڵپشتیی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بن لە وادەی دەستنیشانکراوی خۆیدا.
بڕیارە شاندەکە ماوەی سێ رۆژ لە ئەوروپا بمێننەوە و ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوە بکەن و وەک سەرۆکی شاندەکەش دەڵێت "لە کۆبوونەوەکاندا پرسی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و رۆڵی هەرێمی کوردستان تێیدا؛ پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و بارودۆخی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و یەکێتی ئەوروپا گەنگەشە دەکرێن".