یەکێتیی زانایان: چەند کەسێک بەناوی سەلەفی هێرشی ناڕەوا دەکەنە سەر زانایانی ئیسلام

20-06-2023
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "لە چەند رۆژی رابردوودا، لەڕێی وتاری هەینی و چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەلایەن چەند کەسێک گوایە خۆیان بە سەلەفی لە قەڵەم داوە، هێرشی ناڕەوایان کردە سەر گەورە زانایانی ئیسلام و سووکایەتی زۆریان بەرامبەر هەردوو رێڕەو و پەیڕەوانی ئیمامی ئەشعەری و ماتوریدی بە تایبەت ئیمام ئەبوو حەسەنی ئەشعەری هەڵڕشت".
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 20-06-2023، یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "ئێمە لە یەکێتیی زانایانەوە بە تووندی ئیدانەی ئەم جۆرە گوتارە نابەجێ و ئاڵۆز و نابەرپرسانە دەکەین، کە لەگەڵ بنەماکانی برایەتی و سلوکی دینداری یەکناگرێتەوە، دواجار دەبێتە هەڕەشە و مەترسی بۆسەر رەوشی دینداری و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و گوتاری ئایینی لە هەرێمی کوردستان".
 
لە راگەیێندراوەکەی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان دا هاتووە "بە هەموو شێوەیەک تەئکید لە برایەتی و رێزگرتن لە بۆچوونی گەورە زانایان و لەبەرچاوگرتنی واقعی کورد لە پەیڕەوکردنی رێڕەوی مەزهەبی ئیمام ئەبوو حەسەنی ئەشعەری دەکەینەوە، کە مەزهەبی زۆرینەی ئەهلی ئیسلامە بە درێژایی پتر لە هەزار ساڵ، گەورە زانایانی کوردیش ئەو پارسەنگ و رێبازەیان پاراستووە و پەیڕەوکردووە، دەنگێگی نەشاز و نابەرپرس بیەوێ پشێوی و سووکایەتی و بێڕێزی بەرامبەر ئەم ئاراستەیە بگرێتەبەر، قابیلی قبووڵ نییە، بە پلەی یەکەمیش بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی ئیدارەی خۆجێی سلێمانی و لایەنی پەیوەندیدار نابێ رێگە و دەرفەت بەم جۆرە کار و هەنگاوانە بدەن، دواجار وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیش بەرپرسیاری ئەم دۆخە دەبێت".
 
بە گوتەی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، کوردستان هەرگیز گرفتی ئایینی نەبووە، بەردەوامیش لەڕێگەی خزمەت و میتۆدی فکری و فیقهی و تێگەیشتنی دروستی گەورە زانایانی ئیسلام؛ دینداری خۆی کردووە و پابەندی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام بووە، لەم سۆنگەوە زانایانی ئایینی لە کوردستان بەردەوام لە چوارچێوەی ئەو رێڕەوە زانستییەی کە گەورە زانایانی ئیسلام بناخەیان بۆ داناوە خزمەتیان کردووە، پەیامی ئیسلامیان وەک سەرچاوەی رەحمەت و میانڕەوی و مرۆڤدۆستی و یەکتر قبووڵکردن و برایەتی و پێکەوەژیان وەسف کردووە، بۆیە "ناکرێ کەسێک لەولاوە بێت ئەم سەرچاوەیە بکاتە کەرەستەی ئاشوب و فیتنە لە نێو موسڵمانان، چونکە هەموو لایەك وێڕای جیاوازی فیکری و فیقهی تا ئایینی و مەزهەبیش، دەرفەتی کار و چالاکی خۆیان هەبووە، بەڵام قۆستنەوەی ئازادی وەکو دەفەرفەتێك بۆ سووکایەتی و بێڕێزیکردن قبووڵکراو نییە."
 
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان دەڵێت، خۆی بە خەمخۆر و مەرجەعی زانایانی ئایینی لە رووی هەرسێ ئاراستەی ئایینی و پیشەیی و نیشتمانی دەبینێتەوە و ئامانجی هەرە گەورەی خزمەتکردنی ئیسلام و پاراستنی عەقیدەی موسڵمانانە، بۆیە چیتر رێگە بەو "دەنگە نەشاز و جنێو و سووکایەتیانە نادات، کە هەر جارە و بە پاساوێک و لەژێر ناوی بانگخوازی و سێبەری لابەلا، هەستی موسڵمانان و زۆرینەی زانایانی ئایینی لە کوردستان بریندار دەکەن." دەشڵێت، "لە هەوڵی بەردەوامیش دەبین بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست و دووبارە نەبوونەوەی ئەم بێڕێزییانە بەرامبەر رەمزەکانی ئیسلام و پێشەوایانی موسڵمانان، لەهەمان کات داواشمان لە زانایان ئەوەیە لەم جۆرە حاڵەتانە پێگەی خۆیان بپارێزن و دانەبەزنە ئاستی وڵامدانەوەی نامەنتیقی و نابەرپرسانە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گومرگی کرماشان.

گومرگی کرماشان: لە سێ مانگدا 850 ملیۆن دۆلار کەلوپەل هەناردەکراوە

بەڕێوەبەری گومرگی کرماشان دەڵێت، لە سێ مانگدا هەناردەی کەلوپەل لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە بەراورد بە پار 7٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 845 ملیۆن دۆلار.