وردەکاریی کوشتنی ژنەکەی هەولێر لەلایەن هاوژینەکەیەوە؛ چوار مانگە هاوسەرگیرییان کردووە

20-06-2023
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
وێنەی دوو خوشکەکە و باوکیان
وێنەی دوو خوشکەکە و باوکیان
A+ A-

رووداو - هەولێر

کاژێر 11:20 خولەکی شەوی 19ی ئەم مانگە ئەڤین و خوشکەکەی لەسەر جۆلانەی ماڵی باوکیان دانیشتبوون، هاوژینەکەی ئەڤین بە چەکی کڵاشینکۆڤ هێرشی کردە سەر ماڵی خەزووری، ئەڤینی کوشت و دلڤینی خوشکیشی بە سەختی بریندار کرد. بە گوتەی باوکی ئەڤین، زاواکەی "دڵپیس و تووڕە بووە"، بۆیە بەردەوام کێشەی لەگەڵ کچەکەی هەبووە.
 
رەمەزان عەزیز، باوکی ئەڤین دەڵێت، "دوو شەو پێش ئێستا کچەکەمی بە خۆشیی خۆی هێنا، دوێنێ شەویش هات و گوتی ئەڤین هەستە با بڕۆینەوە. ئەڤینیش گوتی: بابە مەمنێرەوە، دەمکوژێت. منیش بە زاواکەمم گوت: ئەمشەو با نەیەتەوە و سبەی وەرەوە. تەلەفۆنم بۆ باوکی زاواکەم کرد و گوتم: ئەوانە کێشەیان هەیە؛ ئەویش گوتی: کوڕەکەم بنێرەوە و من چارەسەری دەکەم. دیارە کوڕەکە نەچووەتەوە ماڵی خۆی و چووبوو چەکی پەیداکردبوو، هاتەوە و دیارە دەرگە کرابووەوە و کچەکانیشم لە حەوشە دانیشتبوون، تەقەی لێکردن. باوکی زاواکەشم ئاگاداری کردم و گوتی: کاکە کوڕەکەم بە چەکەوە هات، دەرگەی لێ نەکەنەوە."
 
ئەڤین رەمەزانی 20 ساڵ و "هـ . ر"ی 19 ساڵ، تەنیا چوار مانگ بوو ئاهەنگی هاوژینییان کردبوو؛ ئەڤین ژنی ماڵەوە بوو، هاوژینەکەشی خوێندکاری قۆناخی دووەمی پەیمانگەیە لە بەشی کۆمپیوتەر. کاتی رووداوەکە تۆمەتبار هاوڕێیەکی لەگەڵ بووە و هەر بە چەکی هاوڕێکەشی تاوانەکەی ئەنجامداوە.
 
دلڤین رەمەزانی 16 ساڵ کە قوتابیی پۆلی 7ی بنەڕەتییە، لە رووداوەکەدا بریندار بوو؛ بەپەلە گەیێندرایە نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی، بەهۆی سەختیی برینەکانی و ناجێگیریی تەندروستییەوە، لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەکە چارەسەر وەردەگرێت و چەند نەشتەرگەرییەکی بۆ کراوە.
 
 
دلڤین چوار گولـلەی بەرکەوتووە، دوو گولـلەیان بەر قاچی چەپی کەوتووە، بۆیە پزیشکەکان بە ناچاری قاچیان بڕیوەتەوە.
 
پشتیوان رەحمان، کارمەندی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی دەڵێت، "گولـلەیەک بەر سکی کەوتووە، گولـلە بەر قاچی و رانیشی کەوتووە، قاچی چەپی بڕاوەتەوە و قاچەکەی دیکەشی شکاوە، ئەو گولـلەی بەر سکی کەوتووە زۆربەی بەشەکانی ناوەوەی بڕیوە، باری تەندروستیی ناجێگیرە و ئێستاش لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکردە."
 
 
ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، بکوژ خۆی رادەست کردووە، ئەو هاوڕێیەشی چەکی پێداوە دەستگیر کراوە و دۆسیەکەیان رەوانەی دادگە کراوە.
 
باوکی ئەڤین لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشكێشی دەکات، باسی لەوەش کرد، "زاواکەم کاژێر 10:30 بە چەکی قورس لەگەڵ دوو کەسی دیکە هاتن و دەستڕێژیان کرد، دلڤین و ئەڤین لەگەڵ خوشکەکانی لەنێو حەدیقە دانیشتوون، کاتی رووداوەکە خوشکەکانی هەڵهاتوون و ئەڤین خۆی بەسەر دلڤین داوە بۆ ئەوەی گولـلەی بەرنەکەوێت. هەر ئەوکات ئەڤین گیانی لەدەستدا. دلڤین 16 گولـلەی بەرکەوتووە، قاچێکی بڕاوەتەوە و تەندروستی زۆرخراپە."
 
سەبارەت بە بوونی کەسی دیکە لەگەڵ زاواکەی، وەک رەمەزان باسی دەکات، هاوڕێی تۆمەتبار بوون، "ئەگەر ئەو دوو برادەرەی نەبووایە ئەو نەیدەتوانی ئەو کارە بکات. چەکەکەی پەیداکردووە و ویستی کۆمەڵکوژی بکات، بەڵام دووکەس بەرکەوتوون".
 
 
شایەتحاڵێکی رووداوەکە کە نەیویست ناو و شێوەی دەرکەوێت، دەڵێت: دەنگی تەقەی زۆر هات، هاوژینی رەمەزان لە کۆڵان هاواری دەکرد، پرسیم چی بووە؟ گوتی: زاواکەم بەناو منداڵەکانم کەوتووە. چوومە ژوورەوە دوو کەس لە حەدیقە کەوتبوو. بە ئۆتۆمبێلی رەمەزان هەردوو کەسەکەم گەیاندە ئیمێرجنسی، هەر ئەوکات ئەڤین گیانی لە دەستدابوو، بس دلڤین ئاگای لەخۆبوو هاواری دەکرد.
 
باوکی ئەڤین داوا لە حکومەت دەکات تۆمەتبار بە سزای یاسایی بگەیێندرێت و دەڵێت، "ئێمە عەشیرەتین و خەڵکی بناری سەفینم هەمووی لەگەڵدایە، ئێستا 200 چەکدار وەستاون و دەڵێن؛ تۆڵە دەکەینەوە بس ئێمە دەمانەوێت کاک مەسرور بارزانی تۆڵەمان بۆ بکاتەوە و یاسا سەروەربێت".
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، بکوژ خۆی رادەستی ئاسایش کردووە، ئەو هاوڕێیەشی چەکی پێداوە دەستگیرکراوە و دۆسیەکەیان رەوانەی دادگە کراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."