رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند، زۆربەی ئەو پەنابەرانەی پێشتر نەیاندەویست لە کەمپەکان بژین، ئێستا داوا دەکەن بگەڕێنەوە کەمپەکان، ئەمەش بە "ئاماژەیەکی خراپ" دەزانێت.
ئەمڕۆ رۆژی جیهانی پەنابەرانە و تادێت ژمارەی پەنابەران لە جیهاندا زیاد دەبێت و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەیاتوانیوە رێگر بن لە کۆچبەری، لە هەرێمی کوردستانیش ژمارەیەکی زۆری پەنابەر دەژین.
بەپێی ئاماری ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان 264 هەزار و 425 پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەژین؛ زۆرینەی پەنابەران سووریایین و ژمارەیان 246 هەزار و 810 پەنابەرە، هەروەها 7 هەزار و 860 پەنابەری تورکیایی، 8 هەزار و 241 پەنابەری ئێرانی، 615 پەنابەری فەلەستینی و 899 پەنابەری وڵاتانی دیکە لە هەرێمی کوردستان دەژین.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کاتی بەشداریکردنی لە نوورۆژی رووداودا، رایگەیاند، ئێستا بەشێکی زۆری پەنابەران کە رێگەی چوون بۆ وڵاتی سێیەم و وڵاتەکانیان لەبەردەمدا نییە، دەیانەوێت بگەڕێنەوە نێو کەمپەکان "ئەوەش ئاماژەیەکی خراپە".
مووسا ئەحمەد دەڵێت، "کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی سەخت کردووە"و پێیوایە یاساکانی عێراق بەربەستی گەورەی بۆ پەنابەران دروستکردووە لە دامەزراندن و پێدانی مافی مانەوە.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەدا، دەزگەکەیان سەرپەرشتیی 31 کەمپ دەکات لە هەرێمی کوردستان، ئەوەش ئەرکێکی گرانە، بە تایبەت لەم کاتەدا کە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانی رێکخراوەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان کەمبوونەتەوە، بەردەوامیش کێشەیان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە، کە بە هیچ شێوەیەک هاوکاریی ئەو پەنابەرانەی نەکردووە، کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن".
بە گوتەی مووسا ئەحمەد، "زۆرینەی پەنابەرانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان، هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان و پەنابەرانی سووریان، پەنابەرانی وڵاتانی دیکەش هەن، بەڵام عێراق هیچ خزمەتگوزاریێکی پێشکێش نەکردوون". بۆیە دەڵێت "هەرێمی کوردستان بووەتە نموونەیەکی جوان و لە کەم شوێنی دونیا هەیە بەمشێوەیەی هەرێمی کوردستان خزمەت و پێشوازیی ئاوارە و پەنابەران کرابێت".
وەک سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بۆ دەکات، پێشتر بەهۆی باشبوونی دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان و دەستکەوتنی هەلی کار، بەشێکی زۆری ئاوارە و پەنابەران روویانکردە دەرەوەی کەمپەکان و ئێستا کەمتر لە 35٪ـی پەنابەران لەنێو کەمپەکاندا دەژین و ئەوانی دیکە لە دەرەوەی کەمپەکانن، بەڵام ئێستا ژمارەیەکی زۆری پەنابەران داوا دەکەن جارێکی دیکە بگەڕێنەوە نێو کەمپەکان و "ئەوەش ئاماژەیەکی خراپە."
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێت، "لە وڵاتان پەنابەران کە چەند ساڵێک مانەوە، سێ رێگەیان لەبەردەمە، یان ببنە بەشێک لەو وڵاتە، یان بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان، یان وڵاتی سێیەم هەڵبژێن، بەڵام پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان ناتوانن بگەڕێنەوە، چونکە دۆخی ئەمنی و ئابووری خراپە، دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستانیش وەک پێویست نییە، بۆیە ئەگەر هاوکاری نێودەوڵەتی زیاد نەبێت و عێراقیش هاوکار نەبێت، دۆخەکە خراپتر دەبێت".
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی باس لە کێشەکانی بەردەم پەنابەران کرد لە هەرێمی کوردستان و گوتی: "یاساکانی عێراق هیچ نەرمی نواندنێک و ئاسانکارییەکیان تێدا نییە بۆ پەنابەران." دەشڵێت، "دانەمەزراندن یەکێکە لە کێشە هەرە گەورەکانی بەردەم پەنابەران، ئەوان لێرە خوێندن تەواو دەکەن، بەڵام بەپێی یاسای عێراقی بۆیان نییە دابمەزرێن، یان پێدانی رەگەزنامە زۆر ئاڵۆز و سەختە و ئەوەش وایکردووە پەنابەران کێشەی زۆریان هەبێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ