رووداو - دهۆک
عەلا رۆژانە لە بەیانیی زووەوە بە ئاسنێکی تایبەت ئاو بۆ ماڵی نێو کەمپەکان بەردەداتەوە؛ ئەو ئێستا بەشێوەیەکی خۆبەخشی کار دەکات، پێنج ئەندامی خێزانەکەی بە هیوای مووچەی کارەکەی ئەون، بەڵام شەش مانگە دینارێکی بەو کارە نەبردووەتەوە بۆ خێزانەکەی.
عەلا عەلی، کارمەندی بەردانەوەی ئاوی کەمپی قادیا دەڵێت، بە هەزار دیناریش هاوکاریی نەکراوە، شەش مانگە هەر پێی دەگوترێت ئەمڕۆ یان هەفتەی داهاتوو پارەت دەدرێتێ.
عەلا و چوار کەسی دیکە لە کەمپی قادیا کاری بەردانەوەی ئاو دەکەن، ئەوانیش هاوشێوەی عەلا بێ مووچەن. پێشتر مووچەکانیان لەلایەن رێکخراوێکی بیانییەوە دەدرا، دوای گۆڕانکاری لە شێوازی کارکردن و کشانەوەی ئەو رێکخراوانە، مووچەی ئەوانیش وەستاوە.
کێشەکە تەنیا کارمەندانی بەردانەوەی ئاو نییە؛ لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 15 کەمپی ئاوارەکان هەن، زۆربەیان کێشەی فڕێنەدانی خاشاک و پاکژییان هەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران دەڵێت، کێشەی نێو کەمپەکان دوای کشانەوەی رێکخراوەکان، بەردەوام زیاد دەبێت.
پیر دەیان، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە دهۆک دەڵێت، "گرێبەستی زۆرینەی رێکخراوە خێرخوازییەکان کۆتاییهاتووە، بۆیە کێشە بۆ هەڵگرتنەوەی خاشاکی نێو کەمپەکە دروستبووە، هەروەها لە سێکتەری تەندروستی، پەروەردە و نۆژەنکردنەوەش کێشە دروستبووە، ئەمە جگە لە ئاو و کارەبا. ئەم بۆشاییە کاتێک دروست دەبێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات پڕی بکاتەوە، بەڵام ئەمە بارگرانییە لەسەر حکومەت."
لە کەمپەکانی ئاوارەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، نزیکەی هەزار کەس کاری خزمەتگوزاری و پاککردنەوە دەکەن، مووچەکانیان لەنێوان 400 بۆ 500 هەزار دینارە، تاوەکو ئێستاش هیچ لەبارەی چارەنووسی مووچەکانیان نازانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ