پارێزگاری کرماشان: گەشتەکانی فڕۆکەخانەی شارەکە بۆ 60 گەشت لە هەفتەیەکدا دابەزیون

 
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری کرماشان دەڵێت، ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی کرماشان لە 170 گەشتی هەفتانەوە بۆ 60 گەشت دابەزیوە، هۆکاری ئەوەشی بۆ کەمتەرخەمی بەرپرسانی حکومەتەکانی پێشووی ئێران بۆ پەرەپێدانی ئەو فڕۆکەخانەیە گەڕاندەوە.
 
بەهمەن ئەمیری موقەدەم، پارێزگاری کرماشان گوتی، پڕۆژەی پەرەپێدانی فڕۆکەخانەی کرماشان بە نیوەچڵی ماوەتەوە و دەبێت لە کەمترین ماوەدا ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێ.
 
بەگوتەی حەمید رەزا سەیدی، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکان و گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران، ساڵی 2019 رێڕەوێکی فڕین و نیشتنەوەی کاتی بۆ فڕۆکەخانەی کرماشان دروستکراوە، بەڵام چونکە بەرپرسانی حکومەتی حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران بەدواداچوونیان بۆی نەکردووە، هێشتا نەتواندراوە وەک پێویست سوودی لێوەربگیرێت.
 
حەمید رەزا سەیدی دەڵێت، ئەگەر ئەو رێڕەوە و پڕۆژەی دروستکردنی رێڕەوی سەرەکی فڕۆکەخانەکەش تەواو بێت، فڕۆکەخانەی کرماشان توانای 300 گەشتی لە ماوەی هەفتەیەکدا دەبێت.
 
فڕۆکەخانەی کرماشان بۆ 10 شاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گەشتی هەیە. هەروەها فڕۆکەخانەکە لە ساڵی 1971ـەوە دروستکراوە.
 
بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەی کرماشان، ساڵی رابردوو لەو فڕۆکەخانەیەوە 4 هەزار و 806 گەشت ئەنجامدراون و 375 هەزار و 337 کەس لە رێگەیانەوە گەشتیان کردووە.