نەخۆشخانەیەکی سلێمانی: نەخۆشانی درێژخایەن لەگەڵ نیشانە سەرەتاییەکانی سکچوون و رشانەوە بگەنە نەخۆشخانە
رووداو - سلێمانی
نەخۆشخانەى شەهید دکتۆر هێمن لە سلێمانی قەرەباڵخترین شوێنى تۆمارکردنى تووشبووان و چارەسەرکردنى پەتاى سکچوون و رشانەوەیە؛ ئامارەکانى رۆژى دووشەممە ئەوە دەخەنەڕوو کە تەنیا ئەو نەخۆشخانەیە لەو رۆژەدا 155 تووشبووى نوێى بۆ چووە.
دیمەنەکانی نێو هۆڵەکانی ئەو نەخۆشخانەیەی سلێمانی دەرخەری دۆخی تەندروستین. کەیوان عەلى، نەخۆش دەڵێت، "رۆژى شەممە ئیشى زۆرم کرد، شۆفێرى ئۆتۆمبێلى پاککردنەوەى ماڵانم، زۆرم گەرما بوو، هەستدەکەم لەوەوە تووش بووم و گورچیلەکانمى سست کردووە."
ئارام مەحموود، نەخۆش ئاماژە بەوە دەکات، "رشانەوەم کەمە، بەڵام سکچوونم زۆرە، هیچ ئیشێک ناکەم و هەر لە ماڵەوەم، نازانم بۆچی تووشبووم."
بەپێى پرۆتۆکۆلى رێکخراوى تەندروستیى جیهانى - WHO، بۆ چارەسەرکردنى تووشبووانى سکچوون و رشانەوە دەبێت دەرمانى پەتاى کۆلێرا بەکاربهێندرێت، چونکە لە هەمان نیشانە و چارەسەرەوە نزیکن.
دکتۆر داهات حەوێزى، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى شەهید دکتۆر هێمن رایگەیاند، "ئەو کەسانەى نەخۆشیى دڵ، لاوازیى سییەکان و نەخۆشیى درێژخایەنیان هەیە، پێویستە لەگەڵ نیشانە سەرەتاییەکان بگەنە نەخۆشخانە بۆئەوەى لێیان پیس نەکات."
رێکارەکانى خۆپارێزى لە سنووری سلێمانی تووندکراونەتەوە، شەو و رۆژێک وەزیرى تەندروستیى هەرێمی کوردستان لەو سنوورە بوو، لەدواى کۆبوونەوەیەکى فراوان بڕیارێکى مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانى هەرێمی کوردستانی راگەیاند، کە دابینکردنى 800 ملیۆن دینارە بۆ فریاگوزاریى سەرەتایی.
د. سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستیى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، "سوپاسى سەرۆکوەزیران کاک مەسرور بارزانى دەکەین، کە بۆ بەهاناوەچوون و فریاگوزاریى خێرا، بڕى 800 ملیۆن دینارى بۆ سلێمانى تەرخانکرد، لەپاڵ ئەو چارەسەرانەى دیکە کە سلێمانى خۆى هەیەتى."
بەپێى ئامارى تەندروستیى گشتیى سلێمانى، نەخۆشخانەکانى ئەوان نزیکەى 10 هەزار کەسیان وەکو تووشبووى نەخۆشیى سکچوون و رشانەوە تۆمار کردووە، بە تەنیا رۆژى دووشەممە 635 تووشبووى نوێ تۆمارکراون.