لە باڵەکایەتی چەند کەسێک هەڵدەکوتنە سەر مەڕدارێک و 32 سەر مەڕ دەکوژن

 
رووداو دیجیتاڵ

لە کوێستانی گوندی سەکرانی سەر بە قەزای چۆمان، ژمارەیەک کەس هەڵدەکوتنە سەر مەڕدارێکی کوێستانی گوندەکە و زیاتر لە 30 سەر مەڕی دەکوژن و بریندار دەکەن.
 
رووداوەکە رۆژی هەینیی رابردوو بووە؛ پێشتر ژمارەیەک مەڕدار لە وەرزی هاویندا دەچوونە کوێستانی گوندی سەکران و ئەمساڵ مەڕدارێکی دیکە چووەتە ئەوێ؛ ئەو کەسانەی ساڵانی رابردوو دەچوونە کوێستانەکە رۆژی هەینی چوونەتە کوێستانەکە و بە مەڕدارەکەیان گوتووە، نەدەبوایە بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی ئەوان بچوونایەتە ئەوێ.
 
محەممەد حوسێن، هاونیشتمانییە مەڕدارەکەیە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چوار کەس بە چەکەوە هاتنە سەرم و پێیان گوتم، کێ رێگەی پێداویت بێیتە ئەم کوێستانە؟ منیش گوتم: ریشسپیانی گوند رێگەیان پێداوم؛ کە گوێیان لەم قسەیە بوو بە چەقۆ بەربوونە رانە مەڕەکە و 32 سەریان کوشت و 10 سەر مەڕیش بریندار کران و ئیدی رۆیشتن."
 
خاوەن رانە مەڕەکە گوتیشی، کەسەکان ناسراو بوون، چەند ساڵێک لەو کوێستانە مەڕدارییان کردووە و لە سنووری ئیدارەی سۆران نیشتەجێن.
 
بە قسەی مەڕدارەکە، دوای ئەو زیانە ماڵیەی پێیان گەیاندووە، ئاگاداریان کردووەتەوە کە بە زوویی کوێستانەکە جێبهێڵێت.
 
سوارە ئەکرەم، قایمقامی قەزای چۆمان لەوبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو مەڕدارە لە دادگەی بەرایی سۆران سکاڵای تۆمار کردووە؛ پۆلیس راسپێردراوە بە دەستگیرکردنی بکەرانی کارەکە."