نزیکەی 9 هەزار کەس لە سلێمانی تووشی سکچوون بوون

20-06-2022
گۆڤەند مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە بەرنامەی ئەمجارەی 'لەگەڵ رەنج'ـی تۆڕی میدیایی رووداو، پرسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كۆلێرا لە هەرێمی كوردستان و هۆكاری بڵاوبوونەوەی و هەنگاوەکان بۆ كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەکە و پلانی وەزارەتی تەندروستی تاوتوێکرا. 
 
بەرنامەکە بە ئامادەبوون و بەشداریی هەریەک لە دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان؛ دکتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی؛ ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی؛ ‏فەریدوون محەممەد، لێپرسراوی تاقیگەی ئاوی سلێمانی؛ د. ئاكۆ رەشید، پسپۆڕی ئەندازیاری ژینگەو مامۆستای زانكۆ؛ د. ئومێد قادر، راگری سەنتەری توێژینەوە لە زانكۆی چەرمۆ؛ چەلەنگ گەدۆ، پسپۆڕی پاكکردنەوەی ئاوی پیس و مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی و پێشنەگ هەڵەبجەیی، قوتابی دكتۆرا لە بواری چارەسەری ئاوی بەنداو و دەریاچەكان تاوتوێکرا.
 
پێش بەرنامەکە رەنج سەنگاوی پێشکێشکاری بەرناماکە بەشێوەیەکی مەیدانی ناوچەی تانجەڕۆ بەسەر دەکاتەوە لەو شوێنەی کە خۆڵ و خاشاک و پاشماوەی نەخۆشخانەکانی بە شێوەیەکی نا زانستی لێ فڕێدەدرێت و دەخرێتە ژێر خاکەوە، کە دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ بڵاوبوونەوەی چەندان نەخۆشی، هەروەها ئەو ئاوەی لەوێ کۆبووەتەوە تێکەڵ بە ئاوی ژێر زەوی دەبێتەوە و هەندێکجاریش تێکەڵ بە ئاوی دووکانیش دەبێتەوە.
 
بە گوتەی دکتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، "پەتای سکچوون لە پارێزگای سلێمانی بە بەردەوامی روو لە زیادبوونە، لە سەرەتاشەوە گومانمان دەکرد لەبەر دوو هۆکار کە ئەو پەتایە کۆلێرا بێت. یەکەمیان ئەوەیە کە نیشانەکانی پەتایەکە زیاتر لە کۆلێرا دەچوو، دووەمیش ئەوەیە بەپێی سووڕی ئەو بەکتریایە 5-6 ساڵ جارێک لە پارێزگای سلێمانی دووبارە دەبێتەوە بە تایبەتی لەو وەرزانەی کە وشکەساڵی و فێنکن."
 
دکتۆر سەباح هەورامی ئاماژە بەوە دەدات کە دوای زۆربوونی تووشبووان بەو پەتایە "لە تاقیگەکانی خۆمان پشکنینمان کرد، دەتوانم بڵێم لە رۆژی پێنجشەممەوە پشکنینەکان لە پارێزگای سلێمانی پشکنینی پۆزەتیڤ بوون، واتە دەرکەوت کە کۆلێرایە. دوای ناردنی نموونەکانیش بۆ بەغدا ئەنجامەکەی هاوتا دەرچوو لەگەڵ ئەنجامی پشکنینەکانی پارێزگای سلێمانی. هەر بۆیەش رۆژی یەکشەممە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە پێمان راگەیێندراو کە تووشبوون بە کۆلێرا و باری فریاکەوتن لە نەخۆشخانەکانی خۆمان رابگەیێنین."
 
بە گوتەی دکتۆر سەباح هەورامی، "تەنیا رۆژی یەکشەممە نزیکەی 300 کەس لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی خەوێندراون، لە سەرەتاوە تاوەکو ئەو ساتەش 4 هەزار و 303 لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی خەوێندراون، زیاتر لە 4500 کەسیش لە نەخۆشخانەکان چارەسەری وەرگرتووە بەڵام لە نەخۆشخانە نەخەوێندراوە. واتە بە گشتی دەتوانین بڵێین نزیکەی 8 هەزار بۆ 9 هەزار کەس لە پارێزگای سلێمانی تووشی پەتای سکچوون بووە. ئێمە لێرە بەدواوە وەکو پەتای کۆلێرا مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو نەخۆشانە دەکەین کە تووشی سکچوون و رشانەوە دەبن."
 
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات، لەو ماوەیەدا 5 کەس گیانیان لەدەستداوە "پشکنینی یەکێک لەو 5 کەسە گەڕاوەتەوە کە بەهۆی کۆلێراوە نەبووە، هێشتا ئەنجامی پشکنینی چوارە کەسەکەی دیکە دەرنەچووە، کە 3 یان لە بەندیخانەن، تاوەکو ئێستا پشتڕاست نەبووەتەوە کە بەهۆی کۆلێراوە کۆچی دواییان کردبێت، بەڵام سکچوونیان هەبووە. هەروەها نزیکەی 100 بەندکراو لە بەندیخانەکان تووشی سکچوون بوونە."
 
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە پێویستی دەزانێت، "دڵنیا ببینەوە لەو ئاوەی کە بەکاری دەهێنین" و دەشڵێت، "بۆ ئاوی خواردنەوە خەڵک دەتوانێت بۆ ئەم مانگە ئاوی کارگەکان بەکاربهێنێت، ئەو ئاوەی بۆ دەموچاو شتن و خۆشووشتن و شتی دیکە بەکاری دەهێنن دەبێت دڵنیابن لە سەرچاوەکەی."
 
سەبارەت بە چڕبوونەوەی شوێنی ئەو کەسانەی لە شاری سلێمانی تووشی ئەو پەتایە بوونە، د.سەباح هەورامی دەڵێت: ئەگەرچی بڵاوبوونەوەی پەتایەکە زۆر بەرفراوانە، ئەوە نییە لە یەک شوێن کۆببێتەوە. بەڵام ژمارەیەکی زۆری تووشبوو لە سنووری عەربەت و بێستانسوورن، هەروەها سنووری بەکرەجۆو تا دەگاتە چەمی قلیاسان و دێتەوە بۆ کوردسات. ئەمە جیا لەوەی لە هەموو گەڕەکان و قەزاو ناحیەکانی دیکەش تووشبوو هەن. 
 
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کە بەسەردانێک لە شاری سلێمانی بوو، بە مەبەستی بەدواداچوونی رێکارەکانی چارەسەری تووشبووان بە سکچوونی تووند و کۆلێرا و هەروەها گەیاندنی پێداویستی پزیشکی بۆ ئەو شارە، لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بەشداریی لە بەرنامەکە کرد و ئامانجی سەردانەکەی خستەڕوو کە لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت بووە.
 
دکتۆر سامان بەرزنجی گوتی، "زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین لە پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی." 
 
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، "کاتێک کۆلێرا لە شوێنێک بڵاودەبێتەوە، ئێمە هەموو سکچوونێکی تووند حیسابی کۆلێرای بۆ دەکەین، هەموو سکچوونێکیش کۆلێرا نییە. هەموو رێکارێک دەگرینەبەر بۆ ئەوەی کۆلێرا لەو سنوورە کۆنترۆڵ بکرێت و لەژێر کۆنترڵکردندابێت."
 
ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی میوانێکی دیکەی 'لەگەڵ رەنج' بوو لەبارەی ئەو رێوشوێنانەی گرتوویانەتەبەر، گوتی: لە هەفتەی رابردوو دوای ئەوەی تووشبووی سکچوون و رشانەوە لەناو شاری سلێمانی تۆمارکران و رۆژانەش ژمارەکە لە هەڵکشاندابوو، لەسەر راسپاردەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی دەستبەجێ لیژنەکانمان راسپارد، سەردان و بەدواداچوونەکانیان چڕکردووەتەوە لەسەر شوێنە گشتییەکان و خواردنگەو رێستورانتەکان لەناو شاری سلێمانیدا، لەو شوێنانەی کە سەرچاوەی ئاوی پیسی لێیە. رۆژی یەکشەممەش کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی پارێزگا کرا لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا لەسەر ئاستی یەکە کارگێڕییەکان لیژنەی رووبەڕووبوونەوە دروست بکرێت، بە سەرپەرشتی یەکە کارگێڕییەکان. 
 
بە گوتەی ئاوات محەممەد، لەژێر رۆشنایی پشکنینەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی "رۆژی یەکشەممە لە چەمی تانجەڕۆ 9 شەمعەی ئاومان داخستووە لەبەر ئەوەی ئاوەکانیان لە پشکنین دەرنەچووە، دەتوانم بڵێم ئاوەی دیکەشمان زۆرە لە سلێمانی. هاوکات هەوڵمانداوە ئەو کێڵگانەی بە ئاوی پیس ئاو دەدرێن دابخەین. رۆژی یەکشەممە پشکنین بۆ ئاوی هەندێک لە مزگەوتەکانی شاری سلێمانی کراوە، بەپێی ئەنجامی پشکنینەکان هەندێک لەو مزگەوتانە ئاوەکەیان پاک نییە. یەک بۆ دوو مزگەوتمان هەیە کە سەرچاوەی ئاوەکانیان لە پشکنین دەرنەچووە." 
 
قایمقامی سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات کە "بەشێکی زۆری سەرچاوەکانی ئاوی ئێمە، ئاوی زێرابی تێکەڵ دەبێت، پێویستە هەموو ئاوی ئەو زێرابانە بەشێوەیەکی زانستی ئەو ئاوانە پاک بکرێتەوە جارێکی دیکە بۆ بابەتی سەوزکردن و تەنانەت بۆ خواردنەوەش بەکار بهێندرێتەوە کە لە هەندێک وڵات ئەمە دەکرێت." 
 
فەریدوون محەممەد، لێپرسراوی تاقیگەی ئاوی سلێمانی، کە میوانێکی دیکەی بەرنامەکە بوو، پێیوابوو "پیسبوون هەیە لە دەریاچەکاندا، ئەمە کێشەیەکی ژینگەیی گەورەیە، ئاوی دەریاچە کە بەکاربێت بۆ خواردنەوە لە هەموو دونیادا دەریاچە کۆمەڵێک کێشەی خۆی هەیە، من ناڵێم ئاوی زێرابی دەچێتەوە ناو، بەڵکو لە چەندین رێگەی دیکەوە پیسی دەچێتە نێو ئاوەکە، دەریاچە لەخۆگرێکی لەخۆی گەورەتری هەیە کە بە باراناو و ئاوی چەند چەمێک و رووبارێک لەوێ کۆدەکرێتەوە، پیسی و داماڵینی خاک و لاشەی مردوو و پیسایی ئاژەڵ و مرۆڤ و هەمووی دەهێنێت، ئەو کێشانەی هەر دەبێت، کێشەکە لەناو بەنداوەکەدا نییە، کێشەکە لە بەشی خوارەوەیە کە ئاوەکە بەردەدرێتەوە. ئێمە لە ساڵی 2012 کە بەهەما شێوە کۆلێرا هەبوو، چووین لە دەمی بەنداوەکە کە ئاو بەرەڵڵا دەکرێت نموونەمان وەرگرت ئاوەکە پاک بوو، لەدوای یەکەم خاڵەوە کە ئاو دەڕێژێتە ناو ئاوی دوکان ئاوەکە پیس بوو."
 
میوانێکی دیکەی بەرنامەکە د. ئاكۆ رەشید، پسپۆڕی ئەندازیاری ژینگە و مامۆستای زانكۆ بوو، ئەوەی رایگەیاند کە لەناو سلێمانیدا "11 ئاوەڕۆمان هەیە ئاوەکەی راستەوخۆ دەڕژێتە چەمی قلیاسان. ئەو ئاوی لە سەرچنار هەیە ئەگەر ئێستا پشکنینی بۆ بکرێت بە دڵنیاییەوە کۆلێرای تێدا دەبینییەوە."
 
د. ئاكۆ رەشید دەڵێت: بڵاوبوونەوەی کۆلێرا پەیوەندی بە ئاو هەیە کە بەکاری دەهێنین بۆ خواردنەوە، ئەو ئاوەی کە پاک نییە هەروەها ئەو ئاوەی کە دەچێتە ناو ئاوی خواردنەوە، بە هیچ جۆرێک ئەو سەوزەیەی بە ئاوی خراپ بەرهەمدەهێندرێت ئەویش پارێزراو نییە.
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕ و ئەندازیارەی ژینگە، ئەوان "لە ساڵی 2008وە پرۆژەمان بۆ چارەسەری ئاوی دەربەندیخان و رانیە پێشکەشکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە."
 
د.ئومێد قادر، راگری سەنتەری توێژینەوە لە زانكۆی چەرمۆ، میوانێکی دیکەی 'لەگەڵ رەنج'، پێیوابوو "30 ساڵە حکومڕانی ئەو وڵاتەین، دەتوانم بڵێم یەک لەشکر کادیری زانکۆ و زانست و توانای بەرزمان هەیە لە وڵاتانی دەرەوە و ناوخۆ کاردەکەن، تاوەکو ئێستا پاکێجێکمان نییە بەناوی ستانداردێک بۆ پێوانەی خۆراک و ئاو لەو وڵاتەدا. هیچ وڵاتێکی دواکەوتووی دونیا لە ئەفریقاوە دەیگری لە یەمەنەوە.. وڵاتانی کەنداو دوو پاکێجیان هەیە، یەکێکیان بەناوی گەڵف ستاندارد بۆ وڵاتانی کەنداو، یەکێکیشیان بەناوی دەوڵەتی خۆیانە، چونکە هەموو دەوڵەتێک ژینگەیەکی تایبەتی خۆی هەیە، ئەو بەکتریاو ڤایرۆسانەی کە ئێمە باسی دەکەین  هەمووی بەپێی ژینگەو پلەی گەرما و کەشوهەوا دەگۆڕدرێت." 
 
ئومێد قادر داوایەکی لەسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەت هەبوو، گوتی: زۆر سەیرە تاوەکو ئێستا یەکەیەکی کارگێڕی تایبەت بە ئاسایشی خۆراک و ئاسایشی ئاو لە ئەنجوومەنی وەزیراندا نییە. بۆیە تکایان لێدەکەم یەکەیەک دروست بکرێت بۆ ئەوەی فریای ئەم میللەتە داماوە بکەوێت. یەکەیەک دروست بکرێت کە پڕبێت لە پسپۆری شارەزا لە لەسەر بنەمای حیزبی بوون و پشک پشکێنە نا.. لەسەر بنەمای پسپۆڕی بۆ ئەوەی نە دانیشتوانی سلێمانی و نە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان تووشی ئەو کێشەیە نەبێت. ئەو یەکە کارگێڕییە نەوەی ئەمڕۆ و ئاییندە دەپارێزێت.
 
چەلەنگ گەدۆ، پسپۆری پاكردنەوەی ئاوی پیس و مامۆستا لە زانكۆی سلێمانییش پێیوابوو کێشەکە لەوەدایە "کاتێک شارێک یان شارۆچکەیەک یان پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون دروست دەبێت، کۆمەڵێک یەکەی هەیە ژە ئەو یەکانە سەپێندراوە بەپێی چەند ستانداردێک کە یاساکەی دایناوە، شوێنێک دادەنرێت دەڵێت دەبێت مزگەوتی تێدابێت، دەبێت یەکەی دروستکردنی کارەبای تێدابێت، یەکەی پێدانی ئاوی هەبێت، پارک و سەوزایی هەبێت.. تاد، بەڵام کەس ناچێت بەلای ئەوەی دەبێت ئاوی پیسی ئەو شوێنە چارەسەر بکرێت ئینجا بخرێتە ناو سروشت یان ئەو دەریاچانە. واتە لە یاساکانەوە دیاری نەکراوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئاوی پیسدا بکەین. ئەو گوێنەدان بەو یاسایە، پێموایە هەزارەها ساڵیش هەر بەو شێوەیە بووە." 
 
پێشنەگ هەڵەبجەیی، قوتابی دكتۆرا لە زانکۆی وارشۆ کە توێژینەوەی دکتۆراکەی لەسەر چارەسەری ئاوی دەریاچەیەکە لە پۆڵەندا کە بەهۆی پیسبوونی ئاوەکە داخراوە و بەکار ناهێندرێت. بۆیە بەپێویستی زانستی پێش ئەوەی دەریاچەکانی کوردستانش دابخرێن "پێویستە چارەسەریان بکەین." 
 
بە گوتەی پێشنەگ هەڵەبجەیی چارەسەر لەبەردەستدا هەیە و دەڵێت: لە ساڵی 2014 بە گوژمەی 23 ملیار دینار حکومەتی هەرێم بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی و شارەوانی دوکان تەندەرێکیان دانا و دەرخستەیان بۆ کرد و دایان بە کۆمپانیایەکی ناوخۆ و کۆمپانیایەکی تورکی، ئۆفیسیان دانا بۆ ئەوەی چارەسەری کێشەی ئاوی دوکان بکەن، بەڵام بودجەی بۆ تەرخان نەکرا. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە