راپۆرتێک لەبارەی شەڕی پەکەکە و تورکیا لە هەرێمی کوردستان دەدرێتە کازمی


رووداو دیجیتاڵ

ئەو لیژنەیەی کە پەرلەمانی عێراق بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە زیانەکانی شەڕی تورکیا و پەکەکە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان پێکی هێنابوو، سبەی راپۆرتەکەی لەوبارەوە تەواو دەکات و ئەندامێکی لیژنەکەش دەڵێ: "سەردانی کازمی دەکەین و راپۆرتەکەی رادەست دەکەین".
 
ناسر هەرکی، ئەندامی ئەو لیژنەیەی کە پەرلەمانی عێراق بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە زیانەکانی شەڕی تورکیا و پەکەکە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان پێکیهێنابوو بە رووداوی راگەیاند، سبەی دووشەممە لیژنەکەیان کۆدەبێتەوە و راپۆرتی کۆتایی خۆیان لەوبارەوە ئامادە دەکەن. 
 
ناسر هەرکی گوتی: "دوای ئامادەکردنی راپۆرتەکە، کاتێک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دیاریدەکەین و راپۆرتەکەی رادەست دەکەین، بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق بەرژدی بێتە سەر هێڵ و رێگە لە شەڕ بگرێت و زیانلێکەوتووانیش قەرەبوو بکاتەوە".
 
لە 23-04-2021 سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەوینی بۆ سەر ناوچەکانی ئاڤاشین، زاپ، مەتین و حەفتانین بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە دەستپێکردووە و بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بەر گوندنشینانی سنوورەکە کەوتووە و چەند گوندێک چۆڵکراون.