لە سۆران دوو رووداوی تەقەکردن کوژراو برینداری لێدەکەوێتەوە

رووداو- ھەولێر

بەھۆی تەقەی ئاسایش ھاونیشتمانییەکی رۆژئاوای کوردستان کوژرا، لە رووداوێکی دیکەش پۆلیسێک و ھاونیشتمانییەک بریندار بوون.

نەقیب محەممەد شەریف، گوتەبێژی پۆلیسی سۆران بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "رۆژی یەکشەممە 19-6-2016 لە رێگای سۆران-دیلزیان بەھۆی تەقەکردنی ھێزەکانی ئاسایش ھاونیشتمانییەکی رۆژئاوای کوردستان بە ناوی (م ،ش) بەسەختی برینداربوو رەوانەی نەخۆشخانەی ھەولێر کراوە، بەڵام بەداخەوە رۆژی دووشەممە 20-6-2016 گیانی لە دەستداوە".

نەقیب محەممەد شەریف گوتی:" بەھۆی سەختی برینی ئەو ھاونیشتمانییە نەتواندراوە گوتەی لێ وەربگیرێت و لە زمانی خۆیەوە رووداوەکە وەربگیرێت، بەڵام بەپێی قسەی ئاسایش ئەو کەسە ھەوڵیداوە بەڕێگای نایاسایی و قاچاخ بڕوات ئەوانیش گومانیان ھەبووە بۆیە تەقەیان لێکردووە".

لە رووداوێکی دیکەدا رۆژی دووشەممە 20-6-2016 لە نێو بازاڕی سۆران کەسێک بەناوی (ئ،ع) تەقەیی لە ھاونیشمانییەکی دیکە بە ناوی (س،ح) کە تەمەنی 46 ساڵەو پیشەی مامۆستایە بەسەختی بریندار بووە.

گوتەبێژی پۆلیسی سۆران دەڵێت: "ئەو رووداوە بەھۆی کێشەی کۆمەڵایەتی بووە ، بەڵام دوای کۆبوونەوەی کەسووکاری بریندارەکە لە نەخۆشخانەی گشتی سۆران شەڕ و ئاژاوە دروستبووە لە ئەنجامدا تەقەکراوە گوللـەیەک بەر سەری پۆلیسێک کەوتووە و بریندارکراوە".