ئەنجلینا جولی لەسەر کوردە ئێزدییەکان هاتە دەنگ

رووداو - مێردین

ئەنجلینا جولی، ئەستێرەی ناوداری هۆلیۆد و باڵیۆزی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران، بە مەبەستی بەسەركردنەوەی پەنابەرانی سووریا و عێراق لە كەمپی پەنابەرانی مدیات، گەیشتە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان.


رۆژی شەممە 20ی حوزەیران لەکاتی بەستنی کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەش لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێریس، كۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران، ئەنجلینا جولی و باڵیۆزی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران ئاماژەی بەوەدا، کە" ئەو چاودێری دۆخی پەنابەرە کوردە ئێزدییەکان دەکات لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا".

ئەنجلینا جولی لە قسەکانیدا گوتی: " دەزانم بەشێکی زۆریان خوازیاری وەرگرتنی مافی پەنابەریێتین لە وڵاتانی ئەوروپا، سەرەڕای ئەوەی لە دیدارەکانی پێشووم لەگەڵیاندا داوای باشترکردنی دۆخی ژیان و گوزەرانیان دەکرد لە کەمپەکان".

جولی گوتیشی : "بەداخەوە، من سەرۆکی یەکێک لەو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا نیم، بەڵام لێرەوە داوا لە سەرجەم وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکەم، دەرگەکانیان بەڕووی پەنابەرە ئێزدییەکاندا بکەنەوە و چارەسەرێک بۆ پاراستنی ئەو کەسانە بدۆزنەوە، کە ناتوانن لە وڵاتەکانیان بمێننەوە".

باڵیۆزی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران، ئاشکرایدەکات، کە پەیوەندی بە زۆرێک لەلایەنە پەیوەندیدارەکانەوە لە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا کردووە و داوای لێکردوون "دۆخی پەنابەران لەبارچاو بگرن و ئاسانکارییان بۆ بکەن بۆ ئەوەی لەو وڵاتەکانیان نیشتەجێ ببن".

لەلایەن خۆشییەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێریس، كۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران رایگەیاند "ژمارەی پەنابەران لەم کۆتاییە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە"، ئەو حاڵەتەشی بە "تراژیدیایەکی مرۆیی" وەسفکردو ئاماژەی بەوەدا "هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارەکان تا ئێستا سەرکەوتوونەبوونە".

گۆتێریس، ئاماژە بەوەشدەدات" کەمپی مدیات 2 هەزار و 378 پەنابەری کوردی ئێزدی لەخۆدەگرێت، لەگەڵ ئەوانیشدا 3 هەزار و 47 پەنابەری سووری هەن، کە زۆرینەیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن.