وەزارەتی دارایی: 25 هەزار فەرمانبەر لە رێگەی ATMـەکانی هەژمارەی منەوە مووچەیان وەرگرت

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 25 هەزار فەرمانبەر مووچەی مانگی نیسانیان لە رێگەی پڕۆژەی هەژماری منەوە وەرگرت، دەشڵێت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ 1000 ئامێری راكێشانی پارە دادەنرێن.
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە، 20-05-2024، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لە  چەند رۆژی رابردوودا نزیکەی 25 هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتی لە پارێزگاری هەولێر مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی و لە رێگەی (هەژماری من)ـەوە وەرگرت کە پێشتر خۆیان لە پرۆسەی بە بانکیکردن تۆمارکردبوو. ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی ئەم مانگە مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی وەرگرت بەرزتریش دەبێتەوە."
 
وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوەداوە لە مانگەکانی داهاتوودا ئەو ژمارەیە دوو هێندە دەکرێت و پاشان تەواوی فەرمانبەران دەگرێتەوە.
 
وەزارەتی دارایی جارێکی دیکە دڵنیایی دەداتەوە مووچەخۆران و فەرمانبەران و دەڵێت: "ئامانج لە پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە هەژمارێکی بانکی پارێزراو و سەلامەت بۆ فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان بە شێوازێکی هاوچەرخ دابین بکات کە خۆیان خاوەندارییەتی تەواوییان بەسەرییەوە هەبێت."
 
وەزارەتە رەتیدەکاتەوە حکومەت دەستکاریی مووچەی نێو هەژماری بانکی مووچەی فەرمانبەران بکات و دەڵێت: "هەر فەرمانبەرێک هەژماری بانکی لەهەر بانکێکی ناو پرۆژەی هەژماری من بکاتەوە هیچ کەس و لایەنێک بەحکومەتی هەرێمیشەوە دەسەڵاتی ئەوەی نییە بەهیچ جۆرێک دەستکاری مووچەکانیان بکات."
 
باسی نەمانی نۆرەگرتنیش بۆ وەرگرتنی مووچە دەکات و دەڵێت: "ئیدی پێویست ناکات هاووڵاتییانمان لە نۆرەی وەرگرتنی مووچە بوەستن، پارەی نەختینە هەڵبگرن یاخود رێگەیەکی دوور بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان ببڕن، ئەمەش وادەکات کات و ماندووبوونێکی زۆریان بۆ بگەڕێتەوە."
 
"لەم مانگەدا فەرمانبەران لە رێگەی 84 ئامێری راکێشانی پارە (ATM) وەرگرتووە، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ژمارەی ئەو ئامێرانە دەگاتە هەزار"، ئەمە بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەشڵێت ئەوانەی شارەزاییان لە ئامێرەکانی راکێشانی پارە و هەژماری من کەمە، بەردەوام لەلایەن بریکارەکانییانەوە هاوکاری دەکرێن.
 
شوباتی 2023 حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی "هەژماری من"ـی بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران راگەیاندووە، تاوەکو ئێستا حەوت بانک بەشدارن لە پڕۆژەکەدا.