رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 25 هەزار فەرمانبەر مووچەی مانگی نیسانیان لە رێگەی پڕۆژەی هەژماری منەوە وەرگرت، دەشڵێت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ 1000 ئامێری راكێشانی پارە دادەنرێن.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە، 20-05-2024، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لە چەند رۆژی رابردوودا نزیکەی 25 هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتی لە پارێزگاری هەولێر مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی و لە رێگەی (هەژماری من)ـەوە وەرگرت کە پێشتر خۆیان لە پرۆسەی بە بانکیکردن تۆمارکردبوو. ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی ئەم مانگە مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی وەرگرت بەرزتریش دەبێتەوە."
وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوەداوە لە مانگەکانی داهاتوودا ئەو ژمارەیە دوو هێندە دەکرێت و پاشان تەواوی فەرمانبەران دەگرێتەوە.
وەزارەتی دارایی جارێکی دیکە دڵنیایی دەداتەوە مووچەخۆران و فەرمانبەران و دەڵێت: "ئامانج لە پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە هەژمارێکی بانکی پارێزراو و سەلامەت بۆ فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان بە شێوازێکی هاوچەرخ دابین بکات کە خۆیان خاوەندارییەتی تەواوییان بەسەرییەوە هەبێت."
وەزارەتە رەتیدەکاتەوە حکومەت دەستکاریی مووچەی نێو هەژماری بانکی مووچەی فەرمانبەران بکات و دەڵێت: "هەر فەرمانبەرێک هەژماری بانکی لەهەر بانکێکی ناو پرۆژەی هەژماری من بکاتەوە هیچ کەس و لایەنێک بەحکومەتی هەرێمیشەوە دەسەڵاتی ئەوەی نییە بەهیچ جۆرێک دەستکاری مووچەکانیان بکات."
باسی نەمانی نۆرەگرتنیش بۆ وەرگرتنی مووچە دەکات و دەڵێت: "ئیدی پێویست ناکات هاووڵاتییانمان لە نۆرەی وەرگرتنی مووچە بوەستن، پارەی نەختینە هەڵبگرن یاخود رێگەیەکی دوور بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان ببڕن، ئەمەش وادەکات کات و ماندووبوونێکی زۆریان بۆ بگەڕێتەوە."
"لەم مانگەدا فەرمانبەران لە رێگەی 84 ئامێری راکێشانی پارە (ATM) وەرگرتووە، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ژمارەی ئەو ئامێرانە دەگاتە هەزار"، ئەمە بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەشڵێت ئەوانەی شارەزاییان لە ئامێرەکانی راکێشانی پارە و هەژماری من کەمە، بەردەوام لەلایەن بریکارەکانییانەوە هاوکاری دەکرێن.
شوباتی 2023 حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی "هەژماری من"ـی بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران راگەیاندووە، تاوەکو ئێستا حەوت بانک بەشدارن لە پڕۆژەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ