کۆمەڵی دادگەری: ئەستەمە بگەڕێینەوە پەرلەمانی کوردستان


رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەڵێت، لەسەر پێشنیازی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەسندکردنی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان دواخراوە، بەڵام کۆمەڵ بڕیاری کۆتایی خۆی داوە و ئەستەمە بگەڕێتەوە پەرلەمان.
 
ئەنوەر سەنگاوی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رۆژی هەینی، 19-5-2023، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بڕیاری کۆتایی بۆ کشانەوە لە پەرلەمان داوە.
 
ئەنوەر سەنگاوی گوتیشی، "یەکێتی پێشنیازی کرد دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارەکانمان دوابخرێت؛ هەربۆیە لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممە 17-05-2023دا پەرلەمانی کوردستاندا دەستلەکارکێشانەوەکانیان پەسندنەکرا، بەڵام کۆمەڵ بڕیاری کۆتایی داوە و ئەستەمە پەرلەمانتارەکانمان بگەڕێنەوە پەرلەمانی کوردستان".
 
پێشتریش زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاندبوو، "لەبەرئەو ئاشتەواییە نیشتمانییەی ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا لەئارادایە، پێشنیازمانکرد دەنگدان لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی کۆمەڵی دادگەری دوابخرێت و دەرفەتێکیان پێ بدرێت بۆ ئەوەی بە بڕیارەکەیاندا بچنەوە".
 
بە گوتەی ئەنوەر سەنگاوی، ئێستا رەوایەتیی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە و ئەوان ئامادە نین ببنە بەشێک لە دواخستنی هەڵبژاردن و درێژەدان بەم خولەی پەرلەمانی کوردستان.
 
پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانی کۆمەڵ پێکدێن لە عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆن؛ هەورامان حەمەشەریف رەشید، رووپاک ئەحمەد رەحمان، عوسمان عەلی، بەدرییە ئیسماعیل مەحموود، عومەر عەبدوڵڵا فەتاح و موسلیم عەبدوڵڵا رەسوول کە لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیاندا نووسیویانە، "پاڵپشت بە بڕگەی دووەم لە مادەی 25 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، داواکارین لە بەڕێزتان دەستلەکارکێشانەوەم وەکو ئەندام لە دامەزراوەی پەرلەمانی کوردستان وەربگرن و بیخەنە بەرنامەی کار بۆ پەسندکردنی بەپێی رێکاری پەیڕەوی تایبەت بە قبووڵکردنی دەستلەکارکێشانەوە".