رووداو دیجیتاڵ
تەرمی ئەو دوو گەشتیارەی ئێوارەی ئەمڕۆ لە توونی بابا گیانیان لەدەستدا، بەخاکسپێردرا و قایمقامی دەربەندیخانیش هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان لەکاتی باراندا سەردانی ئەو ناوچەیە نەکەن.
کەسوکاری شەبەنگ و بینەر، کە ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 20-5-2023) بەهۆی داڕمانی گردێک لە توونی بابا لە سنووری دەربەندیخان گیانیان لەدەستدا هەر ئەمشەو دوای وەرگرتنەوەی تەرمەکان، بەخاکیان سپاردن.
شەبەنگ ئیبراهیم تەمەن 23 ساڵ و دانیشتووی دەربەندیخان بوو، تەنها 3 مانگ بەسەر مارەبڕینەکەیدا تێپەڕیوە.
ئاسۆ سەڵاح خاڵۆزای شەبەنگ سەبارەت بە هۆکاری چوونی پورزاکەی بۆ تونی بابا دەڵێ "بۆ گەشتوگوزار رۆیشتوون. لەوێ باران و هەورەبرووسکە هەڵیکردووە و بووەتە لافاو و شوێنەکە بەسەریاندا رووخاوە. دوو لەوانە کۆچی دواییان کردووە و یەكێکیان بریندارە. پێموابێت بریندارەکە رەوانەی سلێمانی کراوە".
بینەر ناسریش تەمەنی 25 ساڵ و خەڵکی شارەزوور بوو، ئەویش یەکێکی دیکە بوو لەوانەی گیانی لەدەستدا.
کازم حسێن، مامی بینەرە و باس لەوە دەکات "بە مەبەستی گەشتکردن چوون و پێموابێت رۆژێکی پشوویان هەبووە. لەگەڵ یەک دوو برادەریان رۆشتوون و ئەم کارەساتە بەسەریاندا هاتووە، بەداخەوە."
محەممەد ئیبراهیم تەمەن 27 ساڵ دانشتووی دەربەندیخانە و بریندارە، ئەوان ماوەیەک لە سلێمانی بەیەکەوە کاریان کردووە و، بۆ گەشت بەیەکەوە رۆیشتبوونە توونی بابا.
سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان هۆشداری دەدات لە سەردانیکردنی ئەو ناوچەیە لە کاتی باراندا و دەڵێت "بە هاووڵاتییانی خۆشەویست رادەگەیێنین؛ بە دەربەندیخان و دەرەوەی قەزای دەربەندیخان، بەتایبەتی گەشتیاران، هەموو کاتێک چاوەڕوانی هەرەسی توونی بابا دەکرێت، بەتایبەتی لە وەرزی باراندا".
تەرمی شەبەنگ لە گۆڕستانی ژاڵەناو لە دەربەندیخان و تەرمی بینەریش لە گۆڕستانی زەڕایەن لە شارەزوور بەخاکسپێردران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ