کەشناسی: بارانبارین بەردەوام دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ و سبەی لە ناوچە جیاکانی هەرێمی کوردستان باران دەبارێت. کەشناسێکیش ئاماژە بەوە دەکات، ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ سبەی چەقی شەپۆلی بارانبارین دەبێت و بارانی بەخووڕ دەبارێت.
 
لە دوێنێوە باران و بای بەهێز بەشێکی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. رۆژی شەممە، 20ـی ئایاری 2023، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئاسمانی هەرێمی کوردستان هەوری باراناوی دەبێت؛ هەندێک جار بارانی بەلێزمە دەبارێت و هەورە برووسکەشی لەگەڵ دەبێت.
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ خێرایی با لە کاژێرێکدا 15 بۆ 25 کیلۆمەتر دەبێت و پلەی گەرماش بەراورد بە دوێنێ 5 بۆ 7 پلە دادەبەزێت.
 
هاوکات عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گشتیی کەشناسیی عێراق ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ و سبەی بارانی مام ناوەند و بەهێز و هەورەبرووسکە لە باشووری کوردستان دەبێت.
 
هاوکات محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، كاریگه‌ریی شه‌پۆلی بارانبارین بەردەوام دەبێت و بەیانیی یەکشەممە ئەگەری تاوەبارانی بەخووڕ هەیە.
 
بە گوتەی ئەو کەشناسە، ئیواره‌ی ئه‌مڕۆ تاوەکو سبەی یەکشەممە چه‌قی كاریگه‌ریی شه‌پۆله‌كه‌ دەبێت و ئه‌گه‌ری تاوه‌باران و هه‌وره‌برووسکە و چالاكبوونی با هەیە.
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەی یەکشەممەوە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی باران لە هەندێک ناوچەدا و هەورەبرووسکەشی لەگەڵدا دەبێ و لە دوای نیوەڕۆوە کاریگەریی بارانبارین کەمدەبێتەوە.
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای ئەمڕۆ شەممە لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
 
- هەولێر؛ 30 پلەی سیلیزی
- سلێمانی؛ 27 پلەی سیلیزی
- دهۆک؛ 27 پلەی سیلیزی
- کەرکووک؛ 33 پلەی سیلیزی
- هەڵەبجە؛ 31 پلەی سیلیزی
- زاخۆ؛ 28 پلەی سیلیزی
- سۆران؛ 26 پلەی سیلیزی
- گەرمیان؛ 36 پلەی سیلیزی