گەڕی دووەمی دەنگدان بە سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنسوڵخانەی هەولێر دەستیپێکرد

رووداو دیجیتاڵ
 
لە کۆنسوڵخانەی کۆماری تورکیا لە هەولێر، هاووڵاتییانی تورکیا دەستیان بە دەنگدان کرد لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری وڵاتەکەیان.
 
دەنگدان لە کۆنسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر، تاوەکو کاژێر 10:00ـی شەوی یەکشەممە (21-5-2023) بەردەوام دەبێت، بەڵام لە خاڵە سنوورییەکاندا تاوەکو کاژێر 05:00ـی ئێوارەی رۆژی 28-5 بەردەوام دەبێت.
 
محەممەد مەولوود یاقووت، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر دەڵێ "وەک کۆنسوڵگەری گشتیی تورکیا لە هەولێر، ئەمڕۆ سێ سندووقمان داناوە و پرۆسەکە ئەمڕۆ و سبەی بەردەوام دەبێت، رۆژانە لە کاژێر 8ـی بەیانی تاوەکو 10:00ـی شەو دەبێت. بە خۆشحاڵییەوە بینیمان رێژەی بەشداریکردن بەراورد بە جاری رابردوو، دووهێندە بووە".
 
لە هەڵبژاردنی گەڕی یەکەمی سەرۆککۆماری تورکیا کە 14ـی ئایار بەڕێوەچوو، لە باشووری کوردستان و عێراق هەزار و 500 کەس دەنگیان دابوو. کە رێژەی 100٪ـی دەنگەکان جیاکرانەوە. 
 
رەجەب تەییب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور رێژەی 55.1٪ـی دەنگەکانی عێراقی بردەوە. هەروەها کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت رێژەی 39.4٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو. سینان ئۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتا 4.6٪ و موحەرەم ئینجە، بەربژێری پارتی مەملەکەت کە کشانەوەی خۆی راگەیاندبوو، 0.8٪ـی دەنگەکانی بردەوە.
 
دەنگدەران هیوای داهاتوویەکی باش بۆ باکووری کوردستان و تورکیا دەخوازن.
 
دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمدا هیچیەک لە بەربژێرانی سەرۆککۆماری تورکیا نەیانتوانی 50+1٪ بەدەستبهێنن، هەڵبژاردنەکە کەوتە گەڕی دووەم و رکابەرییەکە لە نێوان ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو دەبێت. رۆژی 28ـی ئایاریش لە باکووری کوردستان و تورکیا دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەدرێت.