وەزارەتی کشتوکاڵ چەند رێکارێک بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون دەگرێتەبەر

20-05-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان شەش خاڵی وەکو رێکار بڵاوکردووەتەوە بۆ رێگریکردن لە تای خوێنبەربوون. بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتەکە دەڵێ، هۆکارەکە دوورخستنەوەی مەترسیی نەخۆشییەکەیە.
 
رۆژی شەممە، 20ـی ئایاری 2023، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی مدیایی رووداوی گوت، تای خوێنبەربوون تەنیا مەترسیی بۆ مرۆڤ نییە و مەترسییە بۆ ئاژەڵانیش، وەزارەتی کشتوکاڵیش بۆ دوورخستنەوەی ئەو مەترسییانە رێکاری خستووەتەڕوو.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ، رێکارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەمانەی خوارەوەن:
 
یەکەم: پێویستە ئاژەڵەکان لە سەربڕخانە فەرمییەکان سەر ببڕدرێن و بە پشکنین و مۆری فەرمیی ڤێرتێرنەری بچێتە بازاڕەوە؛ سەربڕینی ئاژەڵیش لەسەر رێگەکان و لاکۆڵانەکان قەدەخەیە.
 
دووەم: دەبێت پشکنین بۆ ئاژەڵەکان پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بکرێت، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکە.
 
سێیەم: پێویستە رێکارە تەندروستییەکان بۆ پۆشینی جلوبەرگی تایبەت و کەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەکاندا رەچاو بکرێت.
 
چوارەم: کەرەنتینەکانی ئاژەڵ لە دەروازە و فڕۆکەخانەکاندا، پێویستە پشکنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکەن کە دێنە نێو هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکان.
 
پێنجەم: وەزارەتی کشتوکاڵ رێکاری پێویست دەگرێتەبەر بە مەبەستی دابینکردنی دەرمانی شوشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەکی (قڕنە) کە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونە لە نێوان ئاژەڵەکان، ئەم هەڵمەتە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
شەشەم: کۆنترۆڵکردنی دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بە شێوەیەکی نافەرمی و لە سنوورەکانی دەرەوە و نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها رێگەگرتن لە هێنانی ئاژەڵ لەو پارێزگایانەی کە نەخۆشیی تای خوێنبەربوونی تێدا بڵاو بووەتەوە.
 
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە لە ئاژەڵیشەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی بێت و لە زۆر باریشدا دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: رێژەی مردن لەنێو تووشبووان %10 بۆ %40ـە.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە