41 کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان هەن

رووداو دیجیتاڵ
 
جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، 41 کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتان لەهەرێمی کوردستان هەن و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش 14 نوێنەرایەتی لە دەرەوە هەیە.
 
دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "41 کۆنسوڵخانەی گشتی و فەخری و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان هەن، لە دوایین پەیوەندیی دیپلۆماسیشدا قەتەر داواکاریی بۆ کردنەوەی کۆنسوڵخانە لە هەولێر پێشکەشکردووە و سەرقاڵی مامەڵە یاساییەکانن و لە بەغدا کاریان بۆ ئەمە کردووە و چاوەڕیی رەزامەندین".
 
لەبارەی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە، شەدەڵە ئاشکرایکرد"هەرێمی کوردستان 14 نوێنەرایەتیی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەیە. رۆژی 18ی ئەم مانگەش شۆڕش قادر دانساز، بە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید و وڵاتانی ئەسکەندەنافیا (دانیمارک، نەرویژ، سوید)، دەستبەکاربوو".
 
بەپێی قسەکانی شەدەڵە، لە کۆی ئەو 14 نوێنەرایەتییەی حکومەتی هەرێمی لە دەرەوە، 11یان لە وڵاتانی ئەوروپیین، واتە تەنیا نوێنەرایەتییەکانی ئوسترالیا و ئەمریکا و ئێران لە دەرەوەی ئەوروپان، بۆیە دەیانەوێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کردنەوەی نوێنەرایەتی لە دەرەوەی ئەوروپا قایل بکەن، کە بە بۆچوونی ئەو بەلای فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێویستن، بۆ ئەمەش دەستییان بە ئامادەکردنی پڕۆژەیەک بۆ ئەم مەبەستە کردووە.
 
جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کردنەوەی نوێنەرایەتیی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی جیهان، گوتی "ئێستا سەرقاڵی رێکخستنەوەی کارەکانی فەرمانگە و پەیوەندییەکانیین، بۆیە لە قۆناخی ئامادەکاریین بۆ ئەوەی پێشنیاز بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بدەین بۆ کردنەوەی ژمارەیەک نوێنەرایەتییەکی دیکە لەوانە لە وڵاتانی چین و کۆریای باشوور و بەلانی کەم نوێنەرایەتییەک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین".
 
دابان شەدەڵە کە پێشتر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو لە ئیسپانیا، ئاماژەی بەوەشدا لەگەڵ هەوڵەکانیاندا بۆ خۆڕێکخستنەوە، نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی رووسیا و لە ئیسپانیا دادەنرێنەوە.
 
جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد سەرقاڵی گەڵاڵەکردنی پڕۆژەیەکی دیکەن بۆ پەرەپێدانی کارەکانی فەرمانگە و رێکخستنەوەی کارەکانی بەشێوەیەک لەگەڵ ئێستا و داهاتوو بگونجێت و لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی تەواو ببێت.
 
لەو بارەیەوە روونیکردەوە" ئێستا خەریکە خۆ رێکخستنەوەیین، چونکە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی فەرمانێک لە ساڵی 2006 دامەزراوە و ئێستا زۆر شت گۆڕاوە، بۆیە دەمانەوێت فەرمانەکە هەمووار بکەین و بە پرۆژەیاسایەک بیدەینە پەرلەمانی کوردستان بۆ پەسندکردنی، چونکە پێویستمان بە گۆڕانکاریی لەگەڵ دۆخەکە هەیە، جگە لە پرسی نوێنەرایەتییەکان ئێستا سەرقاڵین پرۆژەیەک بدەینە  سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ  ئەوەی فەرمانگە گەورەتر بکرێت و لەشێوەی وەزارەتێک بێت بەناوی وەزارەتی پەیوەندییەکانی دەرەوە یان وەزارەتی پەیوەندی و هاوکاری، ئیدی ناوێکی لەو جۆرە، بەڵام بەشێوەیەک بێت پێچەوانەی دەستووری عێراق نەبێت".
 
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئەیلوولی 2006 بە بڕیاری ژمارە 143 سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دامەزراوە، ئەرکی سەرەکی فەرمانگە دامەزراندن و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. 
 
هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی "ئەڵمانیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئوسترالیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، ئێران، بەریتانیا، فەڕەنسا، سوید، سویسرا، رووسیا، نەمسا، پۆڵەندا، یەکێتیی ئەوروپا" نوێنەری هەیە.
 
ئەو وڵاتە ئەوروپیانەی کونسوڵگەری و نوێنەرایەتییان لە هەرێمی کوردستان هەیە بریتین لە: "رووسیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، بەریتانیا، چیک، هەنگاريا، هۆڵەندا، ئیتاڵیا، ئەرمینیا، یۆنان، سوید، رۆمانیا، پۆڵەندا، نەمسا، بوڵگاریا، ئیسپانیا، دانیمارک، نێردەی یەکێتی ئەوروپا، بیلا روسیا، ئۆکرانیا، نوێنەرایەتى یۆنامى، سلۆڤاکیا".
هەروەها لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر یەک لە "ئێران، ئوردن، فەڵەستین، ئیمارات و کوێت". کونسوڵگەری و نوێنەرایەتییان لە هەرێمی کوردستان هەیە. قەتەریش سەرقاڵی کردنەوەی کۆنسوڵخانەکەیەتی.
 
لەوڵاتانی ئاسیا و پاسیفکیش ئەمانە کونسوڵگەری و نوێنەرایەتییان لە هەرێمی کوردستان هەیە: "تورکیا، کۆریای باشوور، هیندستان، ژاپۆن، چین، ئاژانسی هاریکاری نێودەوڵەتی ژاپۆن/ جایکا، ئاژانسی هاریکاری نێودەوڵەتی کۆریا/ کۆیکا، فەخری سریلانکا، قوبرس".
 
لە ئەمریکاش هەریەک لە "ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، کەنەدا " کونسوڵگەری و نوێنەرایەتییان هەیە، لە کیشوەری ئەفریقاش میسر و  سودان کۆنسوڵگەرییان لە هەرێمی کوردستان هەیە.