مامۆستایەک لە خورماڵ 1200 درەخت دەڕوێنێت
رووداو - خورماڵ
هۆشمەند بەڕێوەبەرى قوتابخانەى قەدەفەرییە لە سنوورى خورماڵ، لە ساڵی 2014وە سەرقاڵى ناشتن و ئاودێریى 1200 درەختە کە لە دەروازەى خوورماڵ بەرەو گوندى یاڵامپێ ناشتوونى.
هۆشمەند فارس، مامۆستا و ژینگەپارێز دەڵێت "کە ئەم درەختانەم ناشت، بەشێک لە هاوڕێکانم پێیانوابوو سەرناگرێت، بەڵام بە ئیرادەى بەردەوامی خۆمانەوە سەرکەوتین".
لەبەرئەوەى کانیاوەکانى گوندەکەى کەمبوونەتەوە و دوورن، هۆشمەند بە سێ جۆر درەختەکان ئاو دەدات، هەندێک بە نۆرە ئاوى جۆگەى ئەحمەدئاوا، هەندێک بە تانکى و سۆندەى راکێشراو، هەندێکى دیکەش بە ئاودانى دەستى، کە لەم کارەیدا شارەوانیى خوورماڵ هاوکاریی دەکات.
فەیرووز حەمەئەمین، بەرپرسى باخچەکانى خوورماڵ دەڵێت "ئێمە لە ساڵی 2014وە هاوکاریی مامۆستا هۆشمەند دەکەین، بە دابینکردنى هەفتەى سی تانکەر ئاو کە 30 هەزار لیتر لەخۆدەگرێت". لە هەڵبژاردنى درەختەکانیشدا رەچاوى گڵ و ژینگەى گوندەکەى کردووە، هەربۆیە سێ جۆرى شیاو درەختى روواندووە.
هۆشمەند فارس ئاماژەی بەوە کرد "درەختەکانمان سنەوبەر، توو و سەبەح بەحنن کە ئاویان زۆر ناوێت، بەسوود و بەرین و بەرگەى گەرما و سەرماش دەگرن".
گوندى یاڵامپێ، تاوەکو پێش ساڵى 2003 ژمارەى ماڵەکانى نزیکبوون لە 200 ماڵ، ئێستا کەمبوونەتەوە بۆ 10 ماڵ، مامۆستا حەسەن کە بنەیەکى هێشتا لە گوندەکە ماوە، لە خوورماڵ سەرپەرشتیارى پەروەردەییە و ساڵانێکیش مامۆستاى هۆشمەند بووە، رەنگە کەم کەس بەقەد ئەو دڵى بە درەختە بەژن بەرزەکانى مامۆستا هۆشمەند خۆشبێت.
حەسەن مەحموود، دانیشتووى گوندى یاڵامپێ باسی لەوە کرد "ئەم نەمامانەى مامۆستا هۆشمەند هەم خێرن هەم کارى مرۆڤانەن، ئێستا بەبۆنەى ئەوەی ناوچەکەمان خەڵکى زۆرتر بۆدێت، پێی ئاسوودەن".
خوورماڵ یەکەم گەورەترین چوار ناحییەکەى سنوورى پارێزگاى هەڵەبجەیە، ژمارەى دانیشتووانەکەى سەروو 25 هەزار کەسە، 47 گوندى هەیە. بەپێى ئامارى شارەوانییەکەى 43%ی ناو شارەدێکە سەوزاییە، زۆرینەى دانیشتووانەکەى سەرقاڵى کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین. کەمێکیش پیشەیان باخدارى و ئەوانى دیکەش بە داهاتى ئەو سەیرانکەر و گەشتیارانە دەژین کە روو لە سنوورى هەورامان دەکەن.