ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە پارێزگارێكی نوێ‌ هەڵدەبژێرێت


رووداو ـ دیالە

جێگری پارێزگاری دیالە رایگەیاند، لەسەر داوای ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە عامر مەجمەعی لە پۆستەكەی دوورخرایەوە، بەو نزیكانەش ئەنجوومەنی پارێزگا كۆدەبێتەوە و پارێزگارێكی نوێ‌ هەڵدەبژێرێت.

كەریم زەنگەنە، جێگری پارێزگاری دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەهۆی تێوەگلانی لە گەندەڵی دارایی و لەسەر داوای ئەنجوومەنی پارێزگا، عامر مەجمەعی لە پۆستەكەی دوورخرایەوە، دادگای كارگێڕی بەغداش هەموو ئەو تانانەی رەتكردنەوە، كە عامر مەجمەعی پارێزگاری دیالە پێشكەشی دادگای كردبوون و داواكانی ئەنجوومەنی پارێزگاشی بەدروست زانی و هۆکاری دوورخستنەوەشی ئاشكراكرد، هاوكات پارێزگاریش داوای تێهەڵچوونەوەی بڕیاری دادگای كردووە".

زەنگەنە گوتیشی: "ئێستا ئێمە چاوەڕێی بڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوەین، ئەمەش 10 ـ 15 رۆژی پێدەچێت، پێشموایە لەو نێوانەدا ئەنجوومەنی پارێزگا كۆدەبێتەوەو پارێزگارێكی نوێ‌ بۆ دیالە هەڵدەبژێرێت".

كەریم زەنگەنە هەروەها دەڵێت: "زیاتر لە 3 كەس خۆیان بۆ پۆستی پارێزگار كاندیدكردووە، بەڵام دیارنییە ئاخۆ هەڵبژاردن دەكرێت یان نا، چونكە رەوشی ئەمنی دیالە زۆر ئاڵۆزە، سەرەڕای كێشەكانی نێوان لیستی هاوپەیمانی شیعەو لیستی عێراقییە لەسەر پۆستەكە، بۆیە پێشبینی دەكەم هەڵبژاردنەكە ماوەی دوو مانگ دوابخرێت".

نەجات تائی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە رایگەیاند: "بە پێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن پۆستی پارێزگار پشكی لیستی عێراقییەیە، بۆیە لیستی عێراقییە هەریەك لە عەبدولخالق عەزاوی، سەفا كەرخی و حافز جبوری بۆ پۆستی پارێزگار كاندید كردووە، دواتریش پێشكەش بە هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەو هاوپەیمانیی كوردستانی دەكات بۆ ئەوەی لە دانیشتنی داهاتوو دەنگیان لەسەر بدرێت".

12/5/2015 دادگای كارگێڕی بەغدا بڕیاری دوورخستنەوەی عامر مەجمەعی پارێزگاری دیالەی لە پۆستی پارێزگار پەسەندكرد و هەموو ئەو تانانەشی رەتكردنەوە كە مەجمەعی پێشكەشی دادگای كردبوون. لە 31 / 3 / 2015 ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەنگی لەسەر سەندنەوەی متمانە لەعامر مەجمەعی پارێزگاری دیالەدا.