گۆڕان: پڕۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق نەخۆشە

20-05-2014
فەرهاد چۆمانی
نیشانەکردن ٢٠١٤هەڵبژاردن
A+ A-

رووداو- هەولێر

بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان پڕۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق بە "نەخۆش" وەسفدەکات و بەشداریکردنی گۆڕانیش لە هەڵبژاردنەکان بە "ئەزممونێکی تاڵ" ناودەبات.

ئارام شێخ محەممەد، رێکخەری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان، بەشداریکرد لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تەلەڤزیۆنی رووداو و سەبارەت بە ئەنجامە راگەیەنراوەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، گوتی: "جارێ زووە بزووتنەوەی گۆڕان قسە لەسەر ئەوە بکات بە ئەنجامەکان رازی دەبێت یان نا،  چونکە ئێمە فۆرمەکان بەراوردی یەکتر دەکەین کە  وەرمانگرتووە لەگەڵ ئەو فۆرمانەی کە لە ناوەندەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی وەرمانگرتووە و لەگەڵ کەرکووک بەراوردی دەکەین".

ئارام هۆکاری (هەڕەشەکردن)ی بزووتنەوەی گۆڕان لە قبوڵنەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە ئەگەری بوونی ساختەکاری بۆ ئەوە گەڕاندەوە: " ئەو داتا و ئامارانەی لە نوێنەرەکانی خۆمان لەسەر سندووقەکانی دەنگدان کۆمانکردوونەتەوە بڕوامان پێی هەیە و دواتریش کە بەراوردمان کردووە لەگەڵ ئەو فۆرمانەی لە کۆمیسیۆن وەرمانگرتووە راست دەرچووە".

رێکخەری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان  ئەو هەڵبژاردنانەی بزووتنەوەکەیان تێیدا بەشداری کردووە بە "ئەزموونێکی تاڵ" وەسفکرد و گوتی: "هەموو کاتێک ئێمە هەڕەشەمان لەسەر بووە و کەوتووینەتە بەردەم ئەو مەترسییەی کە دەستکاری دەنگەکانمان دەکرێ".

گوتیشی: "پڕۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق بە گشتی و لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی پڕۆسەیەکی نەخۆشە، ئەو نەخۆشییەش کاریگەری گەورە دادەنێ، بەوەی کە ناوی زۆری دووبارە، ناوی مردووەکان، ناوی دووبارە لە دەنگدانی گشتی و تایبەتی هەیە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە