گوتەبێژی سوودانی بۆ رووداو: هاوئاهەنگیمان لەگەڵ پێشمەرگە هەیە

20-04-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، هاوئاهەنگییەکی باڵایان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش هەیە و باس لەوەش دەکات، سوودانی بۆ بەهێزکردنی زیاتری هێزە ئەمنییەکان و سوپای عێراق رێککەوتنی نوێی لەگەڵ پێنتاگۆن کردووە.
 
لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هاوئاهەنگییەکی باڵایان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە لە رێگەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، دیدار و کۆبوونەوە بەردەوامەکانی نێوانیان هەیە و گوتی، "برایان لە فەرماندەیی هێزەکانی پێشمەرگە بەتایبەتی فەریق روکن عیسا، سوپاسالاری پێشمەرگە، بەردەوام لە کۆبوونەوەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان و ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتمانیی ئامادەییان هەیە".
 
لیوا یەحیا رەسوول باسی لەوەشکرد، ئەو هاوئاهەنگییە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی پێکەوە چەندین شانەی نوستووی داعش ئاشکرا بکەن کە زۆربەیان بچووک بوون و گوتیشی، "لە ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریی بەردەوامین و بەم هەوڵە گرنگە بەردەوام شانە نووستووەکان دەکەینە ئامانج. ئەوەی لای ئێمە گرنگە، هەبوونی ئەو هاوئاهەنگییە باڵایە، پەیوەندییە باشە و ئاڵوگۆڕە بەردەوامەکانی زانیاری هەواڵگری و پێکەوەکارکردنە لە ئۆپەراسیۆنەکان بۆ بنبڕکردنی ئەو شانە تیرۆریستیانە".
 
یەحیا رەسوول گوتیشی، "هاوئاهەنگی باڵامان هەیە لەگەڵ سەرجەم دامەزراوەکانی هێزی دژەتیرۆر لە سلێمانی و هەولێر و هەموو ناوچەکانی دیکە هەیە. تیرۆر هەموو لایەنێک دەکاتە ئامانج بە کورد و عەرەب و کریستیان و هەموو کەسێک. بۆیە دەبێت یەکگرتوو بین لە رووبەڕووبوونەوەیان بۆ ئەوەی هەموویان بنبڕ بکەین". 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق
 
رووداو: ئاستی پەیوەندییەکانتان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە چۆنە؟ ئایا بەردەوامە؟ 
 
لیوا یەحیا: هاوئاهەنگییەکی باڵامان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لە رێگەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، دیدار و کۆبوونەوە بەردەوامەکانی نێوانمان هەیە. برایان لە فەرماندەیی هێزەکانی پێشمەرگە بەتایبەتی فەریق روکن عیسا، سوپاسالاری پێشمەرگە، بەردەوام لە کۆبوونەوەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان و ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتمانیی ئامادەییان هەیە. لە رێگەی ئەو هاوئاهەنگییە باڵایەوە بەدواداچوونی بەردەوام دەکرێت؛ لە رێگەی ئەو هاوئاهەنگییەوە چەندین شانەی نوستوومان ئاشکراکردوون کە شانەی بچووک بوون و لە چەند چەکدارێک پێکهاتبوون؛ رەنگە ئەو پەڕی گەیشتبووبنە شەش چەکدار. ئێمە لە ئاڵوگۆڕی زانیارییە هەواڵگرییەکان بەردەوامین و بەم هەوڵە گرنگەوە بەردەوام ئەو جۆرە شانانەی لە هەموو ئەو ناوچانەی گومانیان لێدەکرێت، دەکەینە ئامانج. پێم وایە دوێنێ بوو یان پێرێ لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا شانەیەکمان کردە ئامانج لە ناوچەی باکووری دیالە و زیاتر لە پێنج کەسی ئەو باندە کوژران و حەشارگەکەشیان خاپوور کرا. ئەوەی لای ئێمە گرنگە، ئەو هاوئاهەنگییە باڵایە و پەیوەندییە باشە و ئاڵوگۆڕە بەردەوامەکانی زانیاری هەواڵگریی و پێکەوەکارکردنمانە لە ئۆپەراسیۆنەکان، بۆ بنبڕکردنی ئەو شانە تیرۆریستیانە. 
 
رووداو: دوو رۆژ بەر لەئێستا تیمی کۆماندۆ و هێزەکانی دژەتیرۆری سلێمانی ئۆپەراسیۆنێکیان لە ناوچەی گەرمیان ئەنجامدا. پێتان وایە مەترسی شانەی نهێنی تیرۆریستان لە ناوچەی گەرمیان هەبووبێت؟
 
لیوا یەحیا: ئێمە لە رووی ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگرییەوە بەردەوامین و لە رێگەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانمانەوە نامانەوێت دەرفەت بەو شانە تیرۆریستییانە بدەین. هاوئاهەنگی باڵامان هەیە لەگەڵ سەرجەم دامەزراوەکانی هێزی دژەتیرۆر لە سلێمانی و هەولێر و هەموو ناوچەکانی دیکەش. لە راستیدا ئەنجامی زۆر باشمان دەستکەوتوون. تیرۆر هەموو لایەنێک دەکاتە ئامانج بە کورد و عەرەب و کریستیان و هەموو کەسێکی دیکە. بۆیە دەبێت یەکگرتوو بین بۆ رووبەڕووبوونەوەیان بۆ ئەوەی هەموویان بنبڕ بکەین. 
 
رووداو: سوودانی لە ئەمریکا بوو، رێککەوتنێک لەنێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و عێراق کرا و بودجەیەکی 750 ملیۆن دۆلاری واژۆی لەبارەیەوە کرا. دەکرێ زانیاریمان لەبارەی ئەم رێککەوتنە پێبدەن؟ 
 
لیوا یەحیا: پێم وایە نیو ملیار دۆلارە و لە راستیدا نێوەڕۆکی تەواوی ئەو رێککەوتنە نازانم، بەڵام بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هێزە چەکدارەکانمانە بەتایبەتی بەرزکردنەوەی زیاتری توانای هێزەکانی ئاسمانی و هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی و پشتیوانیکردنی زیاتری هێزە چەکدارەکانمان. بەڕێز فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان سوورە لەسەر بەهێزکردن و تۆکمەکردنی زیاتری بونیاتی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانمانە لە هەموو روویەکەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە