لە سنووری کۆیە باوک و کوڕێک لە گۆمێکدا خنکان


رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی سماق شیرینی سنووری کۆیە، باوک و کوڕێک لە گۆمێکدا خنکان.
 
عەمید گۆران ئەحمەد سماقەیی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دوو هاونیشتمانی (باوک و کوڕێک) دەچنە لای گۆمێک کە کەوتووتە نزیک گوندی سماق شیرین لە ناحیەی دێگەڵەی سنووری کۆیە، بەڵام دوای ماوەیەک هەردووکیان بە خنکاوی لەنێو گۆمەکە دەدۆزرێنەوە.
 
باوکەکە (شێرزاد رەفیق ئەمین) کە تەمەنی نزیکەی 35 ساڵە، لەگەڵ کوڕەکەی (محەممەد) کە تەمەنی چوار ساڵە، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 20-04-2024، لە هەولێرەوە بۆ سەردان چوونەتە گوندەکەیان (سماق شیرین). 
 
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە دەڵێت: "گۆمێک لە باشووری گوندەکە هەیە، شێرزاد و منداڵەکەی چوونەتە لای گۆمەکە و دوای ئەوەی ئێوارە نەگەڕاونەتەوە، کەسوکاریان بەدوایاندا گەڕاون و تەرمی هەردووکیان لەنێو گۆمەکە دۆزیوەتەوە."
 
چیرۆکی خنکانی باوک و کوڕەکە نەزانراوە. تەرمەکانیان رەوانەی دادپزیشکی کراوە و هەر "لە گوندی سماق شیرین بەخاکیان دەسپێرن."