رووداو دیجیتاڵ
چاڵی سەر رێگە شۆفێران لە دەروازەی شاری سۆران ناچار دەکەن پێچەوانەی شەقام رێبکەن، رێگەکە هێندە چاڵی گەورەی تێدایە، کە ئەگەر یەک جار ئۆتۆمبێل بکەوێتە نێویان، بێ زیان لێی دەرناچێت.
ستار ئەحمەد، شوفێرە و لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیەوە لەسەر رێگەکە قسە بۆ رووداو دەکات، "لەبەرئەوەی تاسەکان قوڵن، کە لادەدەین تووشی پێکدادان دەبین، یان تایەی ئۆتۆمبێل دەتەقێت یان رۆت و ڤۆڵتییەکەی تێکدەچێت و دەبێت بچینە شوێنی چاککردنەوە، 40 بۆ 50 هەزار دینار لە چاککردنەوەی خەرج بکەین."
وشیار خەلەکانی، هاونیشتیمانییەکی دانیشتووی سۆرانە، دەڵێ "زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێلم بینیوە لە تاسەیەکی ئێرە تایەیان تەقیوە، ویل سپانە و پێویستییەکانم پێداون بۆ ئەوەی تایەی ئۆتۆمبێلەکانیان چاک بکەنەوە."
هەرچەندە رێگەی هاتن و چوونیان سەختە و زیان بە ئۆتۆمبێلەکانیان دەگەیەنێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی رێگەی جێگرەوە، شۆفێران ناچارن بەسەریدا بچن و بێن، بۆیە ریزی ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرانەی لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە باری بازرگانییان پێیە، دوورودرێژە.
ئەم چاڵ و چۆڵانەی لە رێگەکە دروست بوون، هەر لە شوێنێک و دوو شوێن نین، بەڵکو بە درێژیی 80 کیلۆمەتری نێوان سۆران - حاجی ئۆمەران، زیاتر لە 40 کیلۆمەتری رێگەکە چاڵی لێ دروست بووە.
خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی سۆران بە رووداوی گوت "بەشی هەرە زۆری رێگەکانی سنووری ئیدارەی سۆران پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە و دووبارە قیرتاوکردنەوە هەیە، بەڵام ئەوەی زۆر پێویستە و لە پێشینەی کارەکانی ئێمەیە؛ رێگەی هامڵتۆنە کە وڵاتی ئێران بە هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە."
سەبارەت بەو بەشەی رێگە کە ئێستا رەزامەندیی نۆژەنکردنەوەی هەیە، خوسرەت سادق دەڵێ "سەرووی 10 کیلۆمەتری لە پرۆسەی تەندەریندایە، هەشت بۆ 10 کیلۆمەتری دیکە، رەزامەندیی جێبەجێکردنی هەیە لەماوەی دوو بۆ سێ هەفتەی دیکەدا هەوڵدەدەین دەست بە چاککردنەوەی ئەو شوێنانە بکەین."
خراپبوونی رێگە لەلایەک و تەسکی و یەکسایدیی رێگەکەش کێشەیەکی دیکەیە، بەم دۆخەوە وەک چەندین رێگەی دیکەی هەرێمی کوردستان ناسناوی 'رێگەی مەرگ'ـی لێنراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ