رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، هەولێر و سلێمانی لە رووی گەشتوگوزار و شوێنەوارە مێژووییەکانەوە کێبڕکێیەکی باش لەنێوانیاندا هەیە و پێکەوە سەرنجی گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی رادەکێشن. "مۆزەخانەی سلێمانی، یەکێکە لە باشترین مۆزەخانەکانی عێراق."
لە چوارچێوەی هەشتەمین دیداری سلێمانی، فازڵ بەدرانی، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دوا و باسی چالاکیی وەزارەتەکەی کرد، رایگەیاند وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری مێژوویی عێراق، پلانی کاری تایبەتی خۆی لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەت هەیە. لەپاڵ ئەمەشدا پلانی کاری پیشەگەریش لەسەر ئاستی رۆشنبیریی و گەشتوگوزار و شوێنەوارە مێژووییەکانیش هەیە.
لەبارەی هاوئاهەنگییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، فازڵ بەدرانی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان سەرچاوەی سەرنجی هەموو گەشتیارانی عێراقە بە پلە یەک و دواتر گەشتیارانی بیانی "هەرێمی کوردستان بووەتە ژینگەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ گەشتوگوزاری عێراق، بۆیە دەبێ پاڵنەرەکانی گەشتوگوزاریشی هەبێت کە گەشتوگوزاری سرووشتی و شوێنەواریش لەخۆدەگرێت." ئەمەش وایکردووە وەزارەتەکەیان پەیوەندییەکی تۆکمەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لە رووی گەشتوگوزار و شوێنەوارە مێژووییەکان هەبێت.
باسی لەوەشکرد، هاوئاهەنگییەکی زۆر باڵا لەنێوان دەستەی شوێنەوارەکانی بەغدا لەگەڵ دەستەی شوێنەوارەکانی سلێمانی هەیە. "لە راستیدا مۆزەخانەی سلێمانی، یەکێکە لە باشترین مۆزەخانەی عێراق. گەشتیاران و هەوادارانی شوێنەوار بەردەوام سەردانی دەکەن، بۆیە پێویستی بە ناساندنی زیاتر لەنێو سلێمانی، هەرێم و تەنانەت لە بەغداش هەیە. بەهۆی ئەوەی گەنجینەی زۆر گرنگی شوێنەواری عێراق لەخۆ دەگرێت."
سەبارەت بە گەشتوگوزار، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق ئەوەشی خستەڕوو؛ هاوئاهەنگی و پێکەوە کارکردنی بەردەوامیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە وەک سەردانی بەردەوامی هەردوولایەن بۆ یەکدی و بەشداربوون لە چالاکییە گەشتیاری و رۆشنبیرییەکان و بەمدواییەش بایەخی زیاتریش بە گەشتوگوزاری مۆزەخانەکان و شوێنەوارە مێژووییەکانیش دەدرێت.
گوتیشی "دەتوانم بڵێم، وەزارەتی رۆشنبیری ئەم حکومەتە زۆر باشتر بووە لە ئاستی چالاکییەکانی حکومەتەکانی پێشوو. هۆکاری ئەمەش بۆ باشتربوونی دۆخی بەغدا دەگەڕێتەوە لە رووی ئاسایش و ئارامییەوە. ئەمەش رەنگدانەوەی ئەرێنی بۆ دۆخی ئێستا گەڕاندووەتەوە. بەوپێیەی هاووڵاتییان خزمەتگوزاری گەشتوگوزاریان دەوێت و پێویستە فەراهەم بکرێت."
لەبارەی گەشتوگوزاری سلێمانی، فازڵ بەدرانی گوتی "هاووڵاتیی عێراق مەبەستیەتی کاتێکی خۆش لە سلێمانی بەسەر ببات. هاوکات، حکومەتی خۆجێیی سلێمانی، پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ حکومەتی ناوەند هەیە. هەروەها شایستەی بوژاندنەوەی شوێنەوارە مێژووییەکانیان هەیە و ژمارەی سەردانیکارانیشیان بەردەوام لە هەڵکشاندندایە. ئیدی دەتوانم بڵێم کێبڕکێیەکی باش لەنێوان سلێمانی و هەولێر لەم بوارەدا بەدیدەکرێت. سلێمانی ژینگەیەکی گەشتوگوزاری زۆر نایابی هەیە و یەکێکە لە بەناوبانگترین سەرچاوەی گەشتوگوزار لە عێراق. لەپاڵ ئەمەشدا مۆزەخانەیەکی گەورە و بەناوبانگیشی هەیە. ئەم کێبڕکێیە دەبێ پەیوەندیی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری لە بەغدا هەبێت و دەرەنجام وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی ناوەند هاوئاهەنگی زۆر باشمان هەیە و خواستی راستەقینەشمان هەیە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سلێمانی و هەولێر و شارەکانی دیکەی باکوور و باشووری عێراق باشتر بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ