رووداو دیجیتاڵ
ئەو مێرمنداڵەی مانگی رابردوو ونببوو، تەرمەکەی دۆزرایەوە و بە هەلهەلە و سەردوولکە دوای 31 رۆژ لە ونبوونی، تەرمەکەی نێژرا.
دایک و باوکی، وێنەی رۆژڤانیان بەرزکردووەتەوە و خۆڵی سەر گۆڕەکەی بەسەر سەری خۆیاندا دەکەن، کەسوکارەکانیان هەرچەندە هەوڵدەدەن، ناتوانن بیانوەستێنن.
رۆژڤان ئیدریس شەمۆی تەمەن 16 ساڵ، سێیەم قوربانیی لافاوی دهۆک بوو، کە لە ئێوارەی 20ـی مانگی رابردوو بێسەروشوێن ببوو. رۆژی 20ـی ئەم مانگە (یەکشەممە) ماسیگر لە بەنداوی موسڵ تەرمەکەیان دۆزییەوە.
دایکی لەسەر گۆڕەکەی پڕ بە قوڕگی دەگریا و هاوار دەکات "هێشتا نەمکردبوویە زاوا."
دایکی رۆژڤان دەڵێ "بەنیازبووم بیکەم بە زاوا، نەمکرد. کارکەری ماڵی من بوو، کاری بۆ خوشک و براکانی دەکرد، لەدەستی من چوو، پشتی شکاندم."
هەرکەسێک گوێی لە هەواڵی دۆزینەوەی تەرمی رۆژڤان بووە، خۆی گەیاندووەتە گۆڕستان بۆ بەشداربوون لە ناشتنی.
ئیدریسی باوکی دەڵێ چاوەڕێی مزگێنیی خۆش بوون، بەڵام تەرمەکەیان بۆ گەڕێنرایەوە.
ئیدریس باسی پرۆسەی گەڕان بەدوای کوڕەکەی دەکات و دەڵێ گەڕان بەردەوام بوو، "خزمەکانمان خەڵکی خانکێ و دەوروبەری و پارێزگای دهۆک، نوێنەرانی حیزبیش هەموو هاوکار بوون، چاوەڕوان بووم مزگێنییەکی خۆشمان بۆ بێت، بەڵام هەواڵم بۆ هات تەرمەکەی کەوتووەتە نێو تۆڕی ماسیگران."
لە لافاوی دهۆک سێ کەس گیانیان لەدەستدابوو، تەرمی دووانیان لەسەر رووباری هشکەروو دۆزرابوونەوە و سێیەمیشیان کە تەرمی رۆژڤانە، لە بەنداوی موسڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ