رووداو دیجیتاڵ
ناوچەی پیشەسازیی ئەڵایی لە قەزای بازیانی سلێمانی، لە ساڵی 2018ـەوە زەوییەکەی دراوە بە پیشەوەران، بەڵام تاوەکو ئێستا خزمەتگوزارییەکانی کارەبا، رێگە، ئاو و ئاوەڕۆی بۆ نەکراوە.
وەستا عومەری ئاسنگەر یەکێکە لەو پیشەوەرانەی لەسەر ئەرکی خۆی کارەکانی رایی دەکات، دەڵێ 'وا بڕوات ناچارین رایبگرین.'
عومەر محەممەد، پیشەوەر باسی ئەوە دەکات جارهەیە گەڵابە لەنێو قوڕدا دەچەقێت "بە شۆڤڵ یان بە دوو گەڵابە دەرمانهێناوەتەوە، وا دوو ساڵی دیکە بەرگەمان گرت، ئەگەر ئاو، کارەبا، رێگەوبان و هیچ خزمەتگوزارییەک نەبێت و هەموو ئەرکێک لەسەر شانی خۆمان بێت، لەولاشەوە حکومەت باج و رسووماتمان لێ وەربگرێت، ناچارین رایبگرین."
نزیکەی 350 پیشەوەر لە پڕۆژەکە سووندمەند بوون، لەو ژمارەیە 20 دووکان دروستکراون، لەوەشدا تەنیا چواریان لەوێ کار دەکەن، بەشێکیشیان جێگەکەیان بۆ فرۆشتن داناوە.
ناوچەی پیشەسازیی ئەڵایی بۆ ئەوە دروستکرا سەرجەم پیشەوەرانی قەزای بازیان لە کۆڵانەکانەوە بۆ ئەو ناوچەی پیشەسازییە کۆبکاتەوە، بەڵام بەهۆی بێ خزمەتگوزارییەوە پیشەوەرەکان هەر لە شوێنی خۆیانن.
پیشەوەران دەڵێن ساڵانە باج و رسوومات دەدەن، بەڵام پارەدانەکە نەبووەتە خێرێک رەنگدانەوەی بۆ پیشەکانیان هەبێت.
سابیر رەحمان، پیشەوەر باسی ئەوەی کرد، لەم گوزەرەدا هیچ کەسێک دووکانی لە ناوچەی پیشەسازی ئەڵایی دروستنەکردووە "ئەو زەوییانەی وەرمانگرتووە هیچ خزمەتگوزارییەکی نییە و لەوێ هیچ ئیشێکمان بۆ ناکرێت."
ئیسماعیل ئەحمەد، قایمقامی قەزای بازیان بەوەکالەت باسی ئەوەی بۆ رووداو کرد، شارەوانی ئەڵایی داهاتی خۆی هەیە و وەزارەتی شارەوانی پەسندیکردووە، کە ئەمساڵ خزمەتگوزاری بۆ جێبەجێبکرێت، "بۆیە هیچ بەربەستێک لەڕووی هونەری و پارەوە بۆ نەکردنی نییە، مەگەر نەبوونی پارە لە بانکەکان و قەیرانی دارایی گرفت دروستبکات."
جگە لە کێشەی کەمیی کارەبا، تەسکیی کۆڵانەکان، دووکانەکان دیمەنێکی ناشارستانی و بارگرانییەکیشن بەسەر دانیشتووانی قەزای بازیانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ