مەسرور بارزانی: نابێت مووچە تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی کێشەی دابەشکردنی مووچەی بەشێک لە خانەنشینان بڵاوکردەوە و دەڵێت، "نابێت مووچە و قوتی خەڵک تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان بکرێت."
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "نابێت هیچ کەس و لایەنێک لە هیچ شوێنێکی هەرێم[ی کوردستان رێگر بێت لە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە."
وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "نابێت مووچە و قوتی خەڵک تێکەڵ بە ململانێ و کێشە سیاسییەکان بکرێت."
مەسرور بارزانی ئاماژە بەوەش دەکات، "پێویستە داهاتی وڵات بۆ خزمەتی هاووڵاتییانمان بێت و دەبێت هەموو ئەو کەسانەی ئەو پرۆسەیە پەک دەخەن، لە بەرامبەر خەڵک و یاسادا بەرپرسیار بن."
بەیانیی بەشێک لە خانەنشینانی پێشمەرگە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک چوونە بەردەم بانک، بەڵام مووچەیان پێ نەدرا. دواتر بانکی هەرێم و بانکە بازرگانییەکان یەکدییان بە راگرتنی مووچەی خانەنشینان تۆمەتبار کرد.
پاشان گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "کێشەی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان چارەسەرکرا."
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتی هاووڵاتیانی خۆمان دەکەین و وێڕای هەموو کۆسپ و تەگەرە و فشارەکان، لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ ئەوەی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانمان باشتر بکەین.
ئێمە لە قۆناغە سەختەکانی کۆرۆنا و فشارە ئابوورییە ناوچەیی و جیهانییەکان، توانیمان لە مووچەدان و سەقامگیرکردنی باری ئابووریی هەرێم بەردەوام بین، لەمەولاش بە یارمەتی خوای گەورە و پاڵپشتی هاووڵاتیانمان لە خزمەتیان بەردەوام دەبین و گەشبینین بە باشتربوونی ڕەوشی هەرێم لە هەموو ڕوویەکەوە.
نابێت هیچ کەس و لایەنێک لە هیچ شوێنێکی هەرێم رێگر بێت لە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە. نابێت مووچە و قوتی خەلک تێکەڵ بە ململانێ و کێشە سیاسییەکان بکرێت. پێویستە داهاتی وڵات بۆ خزمەتی هاووڵاتیانمان بێت و دەبێت هەموو ئەو کەسانەی ئەو پرۆسەیە پەک دەخەن، لە بەرامبەر خەلک و یاسادا بەرپرسیار بن.