بانکە بازرگانییەکان: بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی هەرێم تاکلایەنە بڕیار دەدات و ناگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بانکی ناوەندیی هەرێم بڕیاریداوە مووچەی پێشمەرگە خانەنشینەکانی ئەیلوول و گوڵان دابەش نەکرێت، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی هەرێمیش رەتیدەکاتەوە و دەڵێت: کێشەکە بەهۆی نەبوونی نەختینەیە لە بانکەکان، بەڵام بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکان مووچەی پێشمەرگە خانەنشینەکانی یەکێتی راگرتووە. 
 
رۆژی پێنجشەممە 20-04-2023، مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان میوانی کاژێر 12:00 بوو کە سەنگەر عەبدولرەحمان پێشکێشی دەکات و لەبارەی گرفتی دابەشنەکردنی مووچەی مانگی ئاداری بەشێک لە خانەنشینانی سەربازی سلێمانی گوتی: "لە وەزارەتی داراییەوە گشت ئەو پارانەی کە پێویستن بۆ دابەشکردنی مووچە رەوانەی سلێمانی کراون، تەنیا داهاتی ناوخۆیە کە رێژەیەکی زۆر کەمە لەسەر ئەوانە، دیارە ئەوانیش ناتوانن ئەو رێژەیە دابین بکەن، بۆیە بەرێوەبەری بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی تاکلایەنانە بڕیاریداوە مووچەی بەشێک لە خانەنشینانی سەربازی دابەشنەکرێت."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی فەرمانی کردووە پێش جەژنی رەمەزان سەرجەم فەرمانبەران مووچەی مانگی ئادار وەربگرن، بەڵام بەرێوەبەری بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی بۆ "مەرجەعی خۆی نەگەڕاوەتەوە کە وەزیری داراییە و تاکلایەنە بڕیاریداوە مووچەی بەشێک لە خانەنشینان دابەشنەکات، بۆیە ئەو گرفتانە دروستبوون و ئەو ئەنجامەی هەبووە."
 
تاوەکو کاژێر 12:30 خولەک لە پارێزگای سلێمانی نەتوانرا مووچەی سەرجەم خانەنشینانی سەربازی دابەشبکرێت، لە پارێزگای هەولێریش مووچەی پێشمەرگەکانی یەکێتی نەدرا. مەولوود سابیر لەوبارەوە دەڵێت: "لە سلێمانی مووچە کراوەتە سیاسی و بە سیاسی دابەشدەکرێت، لەکاتێکدا نابێت مووچە بکرێتە سیاسی." 
 
وەک مەولوود سابیر دەڵێت: "بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ناوەندیی سلێمانی ئاگاداری بانکەکانی کردووەتەوە بەهیچ شێوەیەک مووچەی خانەنشینی گوڵان و ئەیلوول دابەشنەکەن، ئەوەی لە هەولێریش روویدا کاردانەوە بوو کوردەواری خۆمان دەڵێت، هەموو کارێک کاردانەوەیەکی هەیە دوای فەرمانەکەی ئەوان ئێمەش فەرمانمان دەرکرد ئەگینا هیچ کاتێک مووچە دوانەخراوە." 
 

رۆژی پێنجشەممە 20-04-2023، دوای گوتەکانی مەولوود سابیر، ماکوان جەمیل، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی لەبارەی راگرتنی مووچەی بەشێک لە خانەنشینان لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە قسەی بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکان بێت کە ئەو دەڵێت، بە فەرمانی من دابەشکردنی مووچە راگیراوە کەواتە لە هەولێر شتێک نییە بە ناوی وەزارەتی داراییەوە، وەزارەتی دارایی بە فەرمی داوای کردووە 74 ملیار دینار بۆ ئیدارەی سلێمانی لە پشکی 43% بە 57%ـە دابین بکرێت بەمەبەستی دابەشکردنی مووچە چونکە کورتهێنانمان هەیە ئەگینا بەهیچ شێوەیەک بڕیاری راگرتنی مووچەی کەسمان نەداوە."

بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی گوتیشی: "خانەنشینانی ئەیلوول خەباتیان کردووە و ئەرکی سەرشانمانە مووچەیان بۆ دابین بکەین، ئێمە بە هیچ شێوەیەک بڕیاری راگرتنی مووچەی خانەنشینانی ئەیلوول و پێشمەرگەمان نەدراوە و ئەو دەنگۆیە رەتدەکەینەوە، بە دۆکیۆمێنتیش زانیاریمان خستووەتەڕوو کە داوای راگرتنی مووچەی کەسمان نەکرد."

لەبارەی داهاتی سلێمانی، مەولوود سابیر گوتی: "پێشتر وەزارەتی دارایی لیژنەی پێکهێناوە و سەردانی سلێمانی کردووە، کۆنووس کراوە و ئاراستەی سلێمانی کراوە، بەڵام ئەوان جێبەجێی ناکەن، ئەو کێشەیەی ئێستا لە بانکی ناوەندیی سلێمانیش دروستبووە ئەو هاوکارمان نییە تاوەکو چارەسەری بکەین، کێشەی ئەو سنوورەش ئەوەیە ئەو ئیدارەیە توانای کۆکردنەوەی داهاتی سلێمانی وەکو پێویست نییە."

بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵە بۆ چارەسەرکردنی کیشەکە و نیگەرانە لەو بڕیارانەی لە سلێمانی دراون، چونکە ویستوویەتی مووچەی هەموان دابەشبکرێت و دەشڵێت: "پارە رەوانەی سلێمانی کراوە و هیچ جیاوازییەک ناکرێت کە ئەمە ئەیلوولە و ئەمە خانەنشینی مەدەنییە یان سەربازی."

ماکوان جەمیل گوتیشی: "181 ملیار دینار کورتهێنانمان بۆ مووچە هەیە، چونکە بۆ دابەشکردنی مووچە پێویستە لە داهاتی ناوخۆیی سلێمانی 90 ملیار دینارمان لەبەردەست بێت، بەڵام 39 ملیار دینارمان لەبەردەستە و گرفتی سیولەمان هەیە، ئەوە چوارەمجارە یاداشت دەدەین بە وەزارەتی دارایی کە مەترسی لەسەر تەندروستی، ژینگە و هەموو سێکتەرەکانی سلێمانی هەیە، ساڵی رابردوو لە داهاتی سلێمانی یەک ترلیۆن و 27 ملیار دینارمان داوە بە مووچەی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەگەر وابێت چی بۆ نەخۆشانە و سێکتەرەکانی دیکە دەمێنیتەوە."