میری کوردانی ئێزدی بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە: دەرفەتێکە بۆ بڵاوکردنەوەی گیانی لێبووردەیی


رووداو دیجیتاڵ

میری کوردانی ئێزدی پیرۆزبایی جەژنی رەمەزان لە موسڵمانانی جیهان و هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، جەژن دەرفەتێکە بۆ بڵاوکردنەوەی گیانی لێبووردەیی و یەکدی قبووڵکردن.
 
میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئیزدی پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، "پیرۆزبایی ئەم جەژنە لە موسڵمانانی جیهان و بە تایبەتی کوردستان دەکەم. جەژن دەرفەتێکە بۆ بڵاوکردنەوەی گیانی لێبووردەیی و یەکدی قبووڵکردن."
 
میری کوردانی ئیزدی دەشڵێت، هەرێمی کوردستان بە پێکهاتەکانییەوە "باخچەیەکی رەنگینە" و هەر پێکهاتەیەک و رێوڕەسمە ئایینییەکانی خۆیان تێیدا زیندوودەکەنەوە. گوتیشی، "هیوادارم [موسڵمانان] جەژنێکی خێر و خۆشی بکەنەوە."
 
ئەو پەیامەی میر حازم تەحسین بەگ دوای ئەوە هات کە رۆژی پێنجشەممە، د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیژنەی بینینی مانگ لە وەزارەتەکە کۆبووەوە و بە پشتبەستن بە بەڵگە شەرعییەکان، مانگ لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بیندراوە، بۆیە بڕیاردارا سبەی هەینی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان بێت.
 
وەزیری ئەوقاف باسی لەوەش کرد کە دوای رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا "ئاسۆیەکی گەش" چاوەڕێی هەرێمی کوردستان دەکات. باسی لە پێکەوەژیانیش لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "ئەمە نموونەیەکی جوانی خەڵکی کوردستانە" کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش دەنگی داوەتەوە.