مووچەی هەزاران خانەشین لە سلێمانی دابەشنەکرا؛ 'داهات نەبووە بۆیە مووچە نەدراوە'

20-04-2023
هۆرڤان رەفعەت
دوو خانەنشین لە چاوەڕوانیی مووچەکانیان لەبەردەم بانکێکی سلێمانی دانیشتوون. وێنە: رووداو
دوو خانەنشین لە چاوەڕوانیی مووچەکانیان لەبەردەم بانکێکی سلێمانی دانیشتوون. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو – سلێمانی

دوو رۆژە لە بانکی باخانی سلێمانی بە پێشمەرگەی خانەنشین دەگوترێت، بێن مووچەکانیان وەربگرن، بەڵام بەبێ مووچە و بە بیانووی نەبوونی پارە، بانک بە دەستی خاڵی دەیانگێڕنەوە.
 
حەمید میرەدێی، خانەنشینی پێشمەرگەیە بە پلەی رائید و هاتووە بۆ مووچە، بەڵام لەبەر ئەوەی پلەی رائیدە و ئەمڕۆ تەنها پلەی نەقیب مووچە وەردەگرێت، نەیتوانیوە مووچە وەربگرێت، ئەو بە رووداوی گوت، "لە بەیانیی زوەوە هاتووم، خەڵک لە کاژێر 04:00 و 05:00ی بەیانییەوە هاتووە کەچی پێمان دەڵێن، مووچە نییە، دەسەڵاتیشمان نییە چی بکەین."
 
خانەنشینانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان لە بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی دەبوو مووچە وەربگرن، پێشمەرگەی خانەنشین چوونەتە بەردەم بانکەکە، بەڵام کارمەندانی بانکەکە نەچوونە سەر کار.
 
رزگار حوسێن، خانەنشینی پێشمەرگەیە و بە رووداوی گوت، "بەرپرسەکان سەری زمان و بنی زمانیان پێشمەرگەیە و هەر دەڵێن پێشمەرگە وا و پێشمەرگە ئاوها، ئەی ئەمە رێزی پێشمەرگەیە؟ ئێ با بێت کرێ خانووەکەم بۆ بدات کە من پێم نییە بیدەم."
 
گەوهەر ئیسماعیل، هاوژینەکەی شەهید بووە و ئەو مووچەی شەهیدانەی هاوژینەکەی وەردەگرێت، دەڵێت، "پێیان گوتین پێنجشەممە وەرن نۆبە مووچەتانە، کەچی هاتووین و یەک فەرمانبەری لێ نییە، ئاخر تۆ فەرمانبەریت، بۆچی نایەیتە دەوام؟" نیگار ئیسماعیلیش هاوژینەکەی شەهیدە و دەڵێت، "هاوژینەکەم شەهیدی پارتییە و ساڵی 2004 شەهید بووە، سێ منداڵم هەیە، لە کاژێر 05:00ی بەیانییەوە هاتووین کەچی پێمان دەڵێن دەوام نییە و پارە نییە و کەسیشی لێ نییە."
 
تاهیر مەحموود، خانەنشینی سەربازییە، دەڵێت، "لە ساڵی 1988ـەوە پێشمەرگە بووم، کەچی ئەوە وەفاکەیانە بۆ ئێمە، مەعقول نییە ئێمە پارەی مریشکێکمان پێ نەبێت، چونکە هەر دەڵێن مووچە نییە و پارە نییە."
 
لە بانکەکانی گەرمیان و راپەڕین و سلێمانی، پارەی پێشمەرگەکانی ئەیلوول و گوڵان دابەش نەکران، لە هەولێر و دهۆکیش کێشە بۆ پێشمەرگەی خانەنشینی یەکێتی دروست بوو.
 
هونەر جەمال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "کێشەکانی سلێمانی بەڕاستی کێشەی سیاسین و لە وەزارەتی دارایی یەکلایی نابنەوە، چونکە رەهەندێکی مێژووییان هەیە، هەروەها پەیوەندییان هەیە بە نەبوونی سیولە و بابەتی دابەشکردنی 43% بە 57%ـەوە، هەروەها پەیوەندیی بە کەمبوونەوەی نەختینەوە هەیە."
 
دکتۆر ماکوان جەمیل، بەڕێوەبەری لقی سلێمانیی بانکی ناوەندی هەرێم بە رووداوی گوت، "بەهۆی نەبوونی سیولە لە بانکەکان و داهاتی پێویست، بەداخەوە نەمانتوانیوە مووچە لە کاتی خۆیدا دابەش بکەین بەپێی ئەو داواکارییەی وەزارەتی دارایی داوای کردبوو، چونکە ئێمە لە ماوەی یەک مانگدا دوو جار مووچەمان دابین کردووە، بڕی 181 ملیار دینارمان پێویست بووە بۆ هەردوو مووچەکە، بەڵام نەبووە، بەهۆی نەبوونی داهاتی پێویست، چونکە داهاتی سلێمانی بەراورد بە هەولێر کەمترە."
 
وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، هۆکاری پێنەدانی مووچەی پێشمەرگە خانەنشینەکان ململانێی سیاسییە، بەڵام بانکی هەرێم لە سلێمانی دەڵێت، داهات نەبووە بۆیە مووچە نەدراوە.
 
هەرچەندە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا داوای کرد دابەشکردنی مووچە تێکەڵی ململانێی سیاسی نەکرێت، بەڵام زۆرینەی پێشمەرگە خانەنشینەکانی سلێمانی بێ مووچە رۆشتنەوە ماڵ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە