رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی هەینی، 21-04-2023، یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە.
د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا رایگەیاند، لیژنەی بینینی مانگ لە وەزارەتەکە کۆبووەوە و بە پشتبەستن بە بەڵگە شەرعییەکان، مانگ لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بیندراوە، بۆیە بڕیاردارا سبەی هەینی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان بێت.
هاوکات پێشتریش لیژنەی بینینی مانگ لە سعودیە رایگەیاندبوو کە سبەی هەینی لەو وڵاتە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە.
ئێوارەی ئەمڕۆ لیژنەی بینینی مانگ لە گڵەزەردەی سلێمانی چاودێریی بینینی مانگی کرد، بەڵام رایانگەیاند، کەشوهەوا هەور بوو، بۆیە مانگیان نەبینیوە و نازانن سبەی جەژنە یان نا.
وەزیری ئەوقاف باسی لەوەش کرد کە دوای رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا "ئاسۆیەکی گەش" چاوەڕێی هەرێمی کوردستان دەکات. باسی لە پێکەوەژیانیش لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "ئەمە نموونەیەکی جوانی خەڵکی کوردستانە" کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش دەنگی داوەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی نیسانی 2023، هەریەکە لە مالیزیا، ئیندۆنیزیا و برونەی رایانگەیاند، رۆژی شەممە 22ـی نیسان، یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە. جگە لەوانەش هەریەکە لە ئوسترالیا، تایلاند، ژاپۆن، فلیپین و ژمارەیەک وڵاتی دیکەش رۆژی شەممەیان بە یەکەم رۆژی جەژن دیاریکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ