بەرپرسیار؛ وردەکاریی تۆمەتبارکردنی مامۆستایەک بە دەستدرێژیکردنە سەر قوتابییەکی 7 ساڵان لە هەولێر


رووداو دیجیتاڵ

مامۆستای یەکێک لە قوتابخانەکانی عەنکاوە لە هەولێر تۆمەتبار دەکرێت بە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر یەکێک لە قوتابییەکانی کە تەمەنی 7 ساڵە. پارێزەری خێزانی قوتابییەکە دەڵێت: "بەپێی راپۆرتی پزیشکی، منداڵەکە زیاتر لە جارێک دەستدرێژیی سێکسی کراوەتەسەر". باوکیشی داوا دەکات بە "یاسای کوردستانی" تۆمەتبار سزابدرێت. پارێزەری مامۆستاکەش تۆمەتبار بە "بێتاوان تاوەکو سەلماندنی تاوان لەلایەن دادگەوە" ناودەبات.
 
رۆژی چوارشەممە، 19-04-2023، کارزان سەید تەحسین، پارێزەری سکاڵاکار لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات گوتی: "سەرەتای مانگی دوو دایکی کچەکە هات و باسی بابەتەکەی کرد، چوومە سەر پەڕاوەکەی، دەرکەوت کە ئەو منداڵە دەستدرێژیی سێکسی کراوەتەسەری".
 
بە گوتەی کارزان سەید تەحسین، دادگە فەرمانی کردووە کە راپۆرتی پزیشکی بکرێت و بەپێی راپۆرتەکە "منداڵەکە زیاتر لە جارێک دەستدرێژیی کراوەتەسەر".
 
پارێزەری سکاڵاکار دەڵێت: "قسەم لەگەڵ کچەکە کردووە و پرسیارم لێکردووە کێ بووە؟ لەگەڵ کێ دەچی و کێ برادەرتە؟ منداڵەکە زیاتر لە جارێک ناوی مامۆستاکەی هێناوە و دەڵێت: ئەو مامۆستایە بووە. لەپێش دادوەریش هەمان قسەیکردووە و قسەکانی ناگۆڕێت".
 
 
"سێ مانگ لەمەوپێش زانیم کچەکەم دەستدرێژیی کراوەتەسەر"
 
سوعاد ئەلنەسیمی، دایکی ئەو کچە لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی: "سێ مانگ لەمەوپێش بە بابەتەکەم زانی، سەیری گیرفانی کچەکەم کرد، پارە و زێڕی تێدابوو، دواتر ئەنگوستیلەیەکی زێڕم لە گیرفانی دۆزییەوە. پێمگوت: کێ ئەو پارەیەی پێداوی؟ گوتی: برادەرەکانم پێیان داوم. برادەر 25 هەزاری پێنادات. دۆزینەوەی ئەنگوستیلەیەکی زێڕ گومانی بۆ دروستکردم. گوتم: ئەو ئەنگوستیلەیەت لەکوێ هێناوە؟ گوتی: راهێنەرەکەم بە دیاری پێیداوم، مامۆستاکەم گوتی: تۆ باشترینی بۆیە بە دیاری پێیدام."
 
کاوە ئەکرەم، پارێزەری ئەو مامۆستایەی کە تۆمەتبار دەکرێت بە دەستدرێژیی سێکسی لەسەر منداڵەکە، لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی: "تۆمەتبار بە مادەی 393 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە. لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن. کەیسەکە هەستیارە و لێکۆڵینەوەکان زۆر نهێنین. تۆمەتبار بێتاوانە تاوەکو تاوانبارییەکەی لە دادگەی تایبەتمەند دەسەلمێنرێت".
 
دایکی کچەکە ئاماژە بە هەبوونی گومان لە رەفتاری کچەکەی دەکات و دەڵێت: "ساڵێک پێشتر گومانم هەبوو کە گێچەڵی سێکسی بە کچەکەم دەکرێت، بەڵام بیرم بۆ دەستدرێژیی سێکسی نەچوو. سێ مانگە هەستمان بە بابەتەکە کردووە و کچەکەمان بردە لای پزیشک".
 
سوعاد ئەلنەسیمی دەڵێت: "سەرەتا لە ژووری وەرزشی قوتابخانەکە دەستدرێژییەکە کراوە، پێشتر کامێرای چاودێری نەبووە، ئێستا کامێرای چاودێرییان داناوە. پێموایە دیمەنی کامێراکانی چاودێری سڕاوەتەوە، چونکە لە کامێراکان هیچ شتێک دەرنەچووە. پۆلیس لە بابەتەکە ئاگادارکرایەوە و چوونە قوتابخانەکە."

 

 
پارێزەری ماڵباتی ئەو کچەکەی دەگوترێت دەستدرێژیی سێکسی کراوەتەسەر، هەبوونی "بڕین لە دیمەنی کامێراکانی چاودێری" بە "گومان" ناودەبات و داوایشی لە دادگە کردووە، منداڵەکانی دیکەی قوتابخانەکەش پشکنینیان بۆ بکرێت و بزانرێت ئەوانیش دەستدرێژییان کراوەتەسەر یاخوود نا.
 
"بەڕێوەبەری قوتابخانەکە گوتی: دەستدرێژیی کراوەتەسەر کچەکەت"
 
سوعاد ئەلنەسیمی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا باسی لەوە کرد، "بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پشتڕاستیکردەوە کە دەستدرێژیی سێکسی کراوەتەسەر کچەکەم و گوتی: بەڵێ کچەکەت دەستدرێژیی سێکسی کراوەتەسەر و هەموو بابەتەکەی بۆ باسکردم. سەرەتا سکاڵام لەسەر ئەو کەسەیە کە دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر کچەکەم، دووەمیش لەسەر قوتابخانەکەیە؛ چونکە سەرەتا دەیانتوانی هاوکاریم بکەن، بەڵام بۆ ئەم بابەتە بەڕێوەبەرەکە هیچ هاوکارییەکی نەکردم، دواتر سکاڵام لەسەر قوتابخانەکە کرد چونکە نەیانتوانیوە کچەکەم بپارێزن. بەپێی گرێبەستەکە دەبوو قوتابخانەکە پارێزگاری لە کچەکەم کردایە."
 
ئەو کچەی دەستدرێژیی سێکسی کراوەتەسەر، لە قوتابخانەیەکی تایبەتی فەرەنسی دەخوێنێت و تەمەنی 7 ساڵانە. قوتابخانەکەش ساڵانە بڕی 6 هەزار دۆلار لە ماڵباتی کچەکە وەردەگرن. دایکی قوتابییەکە باسی دۆخی دەروونی کچەکەی دەکات و دەڵێت: "هەندێکجار شۆک دەبێت و وەک لێدان لە سەری. دۆخی دەروونی باش نییە".
 
بە گوتەی دایکی کچەکە، تۆمەتبار بە "بۆکس" لێیداوە و بە تووندی مامەڵەی لەگەڵ کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، "زۆر بە تووندوتیژی مامەڵەی لەگەڵ کردووە و قژی راکێشاوە و لێیداوە. دوایینجار کە دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر کچەکەم، سێ مانگ لەمەوپێش بوو کاتێک چوومە قوتابخانەکە. ئێستا منداڵەکەم ناخوێنێت، ویستم بیبەمە قوتابخانەیەکی دیکە گوتیان: نابێت ئەوە نیوەی ساڵە. بەهۆی رووداوەکەشەوە منداڵەکەم ناتوانێت لە قوتابخانەکەی خۆی بخوێنێت".
 
باوکی ئەو کچەی کە دەستدرێژیی سێکسی کراوەتەسەری، خەڵکی ئەڵمانیایە و نێشتەجێی عەنکاوەن، 16ـی ئەم مانگە لە ئەڵمانیاوە گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان.
 
"نەدەبوو لە قوتابخانەیەکی نێودەوڵەتی دەستدرێژیی بکرێتەسەر کچەکەم"
 
باوکی کچەکە لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی: "منداڵەکەم دەستدرێژیی سێکسی کراوەتەسەر و نەدەبوو لە قوتابخانەیەکی نێودەوڵەتیی فەرەنسی ئەو کارەبکرێت، تاوانێکی گەورەیە بۆیە نیگەرانین".
 
فرانس شۆخ، باوکی کچەکە دەڵێت: "لە ئەڵمانیا بووم لەلایەن هاوژینەکەمەوە پێم راگەیێنرا کە کچەکەم دەستدرێژیی سێکسی کراوەتەسەری، راستەوخۆ تەلەفۆنم بۆ بەڕێوەبەری قوتابخانەکە کرد لەسەر بابەتەکە و تووشی سەرسووڕمان بووم کاتێک گوتی: بەڵێ دەستدرێژیی کراوەتەسەر".
 
سەبارەت بە راددەی دڵنیابوونەوەی لە راستیی رووداوەکە، باوکی کچەکە ئاماژە بە هەبوونی بەڵگە دەکات و دەڵێت، "پشکنینی پزیشکی لەسەر کچەکەم کراوە و پێموایە بەڵگەی پێویست هەیە، نازانم بۆچی بەڕێوەبەرەکە گوتی: بەڵێ دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر کچەکەت. دیارە بەڵگەی لایە".
 
سەبارەت بە هەبوونی راپۆرتی پزیشکی قوتابییەکە، کاوە ئەکرەم دەڵێت: "هەڵسەنگاندنی راپۆرتی پزیشکی تەنیا لە دەسەڵاتی دادگەی تایبەتمەندە. راپۆرتی پزیشکی هەیە، ئەگەر نەشبێت راپۆرتی پزیشکی بۆ دەردەچێت".
 
"داوا دەکەین بە یاسای کوردستانی دەستدرێژیکار سزابدرێت"
 
ماڵباتی قوتابییەکە داوا دەکەن تۆمەتبار رووبەڕووی یاسا بکرێتەوە و گوتی، "بە یاسای کوردستانی سزا بدرێت. قوتابخانەکە وەک دامەزراوەیەک بە تەواوی بەرپرسە لەو بابەتە. قوتابخانەکە بەرپرسی سەرەکی ئەو شتەیە کە روویداوە، پیویستە قوتابخانەکە رێوشوێنی پێویست لە دژی کارمەندەکەی خۆی بگرێتەبەر. بڕوامان وایە قوتابخانەکە تاوانکارییەکە دەپارێزێت"

 

 
باوکی کچەکە دەشڵێت: "هەنگاوە یاساییەکانمان ناون، چاوەڕێدەکەین بۆ ئەوەی دادگە هەنگاو بنێت. نازانین پرۆسە یاساییەکان بە چی شێوەیەک دەچێت، بەڵام هەنگاوەکان بەپێی یاسای کوردستان بەڕێوەدەچێت".
 
وەزیری پەروەردە و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان پەیوەندییان بە پارێزەری سکاڵاکار کردووە. کارزان سەید تەحسین دەڵێت: "وەزیری پەروەردە هاوخەمی رووداوەکە بوو. بەڵام ئەوان چاوەڕێی دادگە دەکەن. وەزیری ناوخۆش هاوخەمی خۆی لەسەر رووداوەکە دەربڕی، بەڵام چاوەڕێی دادگە دەکرێت".
 
"سکاڵامان لەسەر قوتابخانەکەش تۆمارکردووە"
 
ماڵباتی قوتابییەکە بە پەڕاوێکی جیا سکاڵایان لەسەر قوتابخانەکە بە تۆمەتی"بێخەمیی قوتابخانەکە لە پارێزگاریکردنی قوتابییەکە" تۆمارکردووە.
 
پارێزەری تۆمەتبارەکە دەشڵێت: "راپۆرتێکی سەرەتایی هەیە. دوای جەژن داوا دەکەین پزیشکێکی پسپۆڕ بێت و ئەمە بسەلمێنێت کە یەکێکە لە رێکارە یاساییەکان، پیویستە لەسەر دادگەی لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند داوای ئەو شتە بکات. سزای ئەو جۆرە تاوانانە قورسە و هەندێک جار بۆ بەندکردنی هەتاهەتایی دەچێت".
 
تۆمەتبار بە مادەی 393 کە بریتییە لەوەی؛ سزای ئەو کەسانە دەستنیشانکراوە کە دەستدرێژیی سێکسی دەکەنە سەر منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵ. کە سزاکەی بەندکردنی سەرووی 10 ساڵە.
 
 
سەبارەت بەو مامۆستایەی کە تۆمەتبارکراوە، پارێزەرەکەی دەڵێت: "پێشتر پارێزەرێکی دیکەی هەبووە. ماوەی 20 رۆژە ئەو کەیسەم وەرگرتووە، نزیکەی 80 رۆژە راگیراوە. داوای دەستەبەریمان کردووە، لە رۆژانی داهاتوو ئەگەر هیچ بەڵگەیەک بەردەست نەبێت، ئێمەش بەڵگەکانی خۆمان وەک پارێزەری بەرگریکار دەخەینەڕوو".
 
سەبارەت هەبوونی "دانپێنان"ـی مامۆستاکە بە ئەنجامدانی دەستدرێژیی سێکسی بۆسەر منداڵەکە، پارێزەری تۆمەتبارەکە دەڵێت: "لە پەڕاوەکە تاوەکو ئیستا هیچ دانپێدانانێک نییە".
 
"دەمەوێت مافی کچەکەم وەربگرم و پارێزگاری لێبکەم"
 
دایکی کچەکە ئاماژە بەوەش دەکات، "بەهیچ شێوەیەک پێم نەوتراوە بە پارە واز لەو بابەتە بێنە. قوتابخانەکە دەڵێت؛ ناتوانین هاوکاریت بکەین. دەمەوێت مافی کچەکەم وەربگرم و پارێزگاری لێبکەم لە قوتابخانە. پێویستە ئەو کەسە دادگایی بکرێت و زیندانی بکرێت".
 
باوکی کچەکەش داوای دادپەروەری دەکات و دەڵێت، "دڵنیام دەکرێت دادپەروەری بەدیبێت بە یارمەتی دادوەری لە کوردستان، هیوخوازین ئەمەش کاتی زۆر نەخایێنێت".