داواکاری گشتیی مەریوان داوای سزادانی 4 مامۆستای قوتابخانەیەکی شارەکە دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

داواکاری گشتیی مەریوان داوا لە دادگە دەکات، چوار مامۆستای قوتابخانەکانی ئەو شارە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ناڕەزاییەکاندا سزا بدات.
 
ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی رێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران دەقی نامەیەکی زاهید کەریمی، داواکاری گشتیی مەریوان بۆ سەرۆکی دادگەی ئەو شارەی بڵاوکردەوە کە تێیدا داوا دەکات، ئارام قادری، تەحسین مستەفا، ئارام محەممەدی و سەیوان سولەیمانی، مامۆستایانی قوتابخانەکانی ئەو شارە سزا بدات بە تۆمەتی ئەوەی بەشدارییان لە "ناڕەزایی نایاساییدا کردووە".
 
ئەو چوار مامۆستایە پێشتر بە هۆی بەشداریکردنیان لە گردبوونەوەی ناڕەزایی مامۆستایان لە شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و بە کەفالەت ئازاد کرابوون. 
 
ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی ئێران دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان و دەزگای دادی ئێران بە ئامانجی وازهێنانی مامۆستایان لە داواکارییەکانیان، دۆسیەیان بۆ دەکەنەوە و سزایان دەدەن.
 
دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی سەقز لە ئەیلوولی رابردوودا؛ شەپۆلێکی خۆپێشاندان و ناڕەزایی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە. 
 
مامۆستایانیش لەو توێژە بوون بەشدارییەکی زۆریان لە خۆپێشاندانەکەدا هەبوو.