پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە
رووداو - هەولێر
پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شاند بۆ گفتوگۆکردن پێکدەهێنن و کۆدەبنەوە، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیش دەڵێت، کۆبوونەوەکەیان تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانیان.
سۆران جەمال تاهیر، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان شاندی خۆیان بۆ گفتوگۆکردن پێکهێناوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسییدا ئێمەش شاندێکمان پێکهێنا، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ پارتی تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانمان".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی باسی لەوەکرد، ئامادەکاری کراوە بۆ کۆبوونەوە و "رۆژی چوارشەممە 22ی نیسانی 2020 کۆدەبینەوە".
لەدوای کۆبوونەوەی دوێنێ یەکشەممەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی فەرمیی پارتی لەبارەی پەیوندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی رایگەیاند، رێککەوتنی سیاسی و ئیدارییان هەیە و واژۆکراون و پێویستە بۆ ئەو رێککەوتنانە بگەڕێنەوە و لە هەر کوێدا کێشەیەک هەبێت بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن چارەی بکەن.
رۆژی 18-3-2020 بە فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە، هێزێكی لیوای 7ـی پیادەی سۆران كە بریتییە لە فەوجێك و هێزێكی هاوبەشی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە لە زینی وەرتێ جێگیركرا، ئەوەش بەمەبەستی رێگرتن لە پەڕینەوەی خەڵك لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە بە قاچاخ بۆ هەرێمی كوردستان و رێگرتن لە مەترسیی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، یەكێتی ناڕازییە لە چوونی ئەو هێزە، ئەوەش گرژی خستە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی.
ئەمڕۆش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دایە هاونیشتمانییان کە هیچ کێشەی گەورە لە هەرێمی کوردستان نییە و گرژییەکی کەم دروستبووە کە خەریکە چارەسەر دەبێت، هێزەکەی زینی وەرتێش هی وەزارەتی پێشمەرگەیە و بە کاتی لەوێیە، ئەگەر پێوست بکات لەوێ نامێنن.