سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی زینی وەرتێ و حکومەتی داهاتووی عێراق کۆدەبێتەوە

رووداو-هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگر و راوێژکارەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق تاوتوێدەکرێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە گرژییەکانی زینی وەرتێ دەبێت و لە دوای کۆبوونەوەکەش، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئەنجامی کۆبوونەوەکە دەخاتەڕوو.
 
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ئەوان رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو دەگرن و دەیانەوێت رۆڵی کارای بەردەوام بێت، هەروەها وەکو چەتری لایەنە سیاسییەکان بێت و گفتوگۆی بابەتەکان لەژێر چەتری سەرۆکایەتی هەرێمدا بکرێت، ئەگەر کێشەیەکەیش هەبێت هەر لەوێ چارەسەر بکرێن.
 
لەهەفتەی رابردوو لەبارەی زینی وەرتێوە گرژی لەنێوان پارتی و یەکێتی دروستبوو، مەکتەبی سیاسی یەکێتی داوای لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد لەبارەی ئەو پرسەوە بێتەسەر خەت. هەروەها رۆژی شەممە 18-4-2020 جەعفەر ئیمنکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە نووڕۆژی دۆستان لەبارەی رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کەمکردنەوەی گرژییەکان گوتی: "من دڵنیام دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵە لەگەڵ هەموو لایەنەکان، نەک ئێستا بەردەوام لەگەڵیان لەسەر هێڵ بووە، دڵنیام لەوەشدا سەرکەوتوو دەبێت".
 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی هەروەها گوتی: "یەکڕیزی خەڵکی کوردستان و یەکڕیزی لایەنەکان یەکێکە لە پێشینە و ئەرکە سەرەکییەکانی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئێستاش لە هەولێ جیدیدایە".